داوای چاودێریی نێودەوڵەتی دەکرێت بۆ هەڵبژاردن لە رۆژئاوای کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رایگەیاند، 11ـی حوزەیران هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە سنوورەکە بەڕێوەدەبرێت، داوای چاودێریی پرۆسەکەش لە رێکخراوە نێودەڵەتییەکان دەکات.
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رایگەیاند، پێدانەوەی کارت بۆ دەنگدان لە سنوورەکە بەردەوامە و دەرگەی خۆبەربژێرکردنیش کراوەیە.
کۆمیسیۆنەکە داوا لە رێکخراوە سڤیل و حکومییە نێودەوڵەتییەکان دەکات، چاودێریی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی سنوورەکە بکەن.
لە راگەیێندراوەکەدا داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کراوە، سەردانی ناوەندەکانی دەنگدان بکەن و پشتڕاستی بکەنەوە کە ئامادەن بۆ دەنگدان، هەروەها تاوەکو کۆتایی هەڵبژاردن و راگەیاندنی ئەنجامەکان و ژماردنی دەنگەکان، چاودێریی پرۆسەکە بکەن.
تاوەکو ئەمڕۆ دەرگەی خۆبەربژێرکردن بۆ هەڵبژاردنەکە کراوەیە و بڕیارە دوای کۆتاییهاتنی خۆبەربژێرکردن، بانگەشە دەستپێبکات.