لە زاخۆ دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ باندێکی مادەی هۆشبەر بریندار بوون


رووداو دیجیتاڵ 

باندێکی مادەی هۆشبەر لەنێو بازاڕی زاخۆ رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان دەبنەوە و دواتر رادەکەن.
 
غەریب مەجید، پەیامنێری رووداو لە زاخۆ رایگەیاند، رووبەڕووبوونەوەکە لەنێو کۆمەڵگەیەکی پزیشکی بووە. باندەکەی مادەی هۆشبەر چوون بۆ ئەوەی چارەسەر بۆ یەکێکیان وەربگرن، لەوکاتە هێزە ئەمنییەکان ویستوویانە دەستگیریان بکەن و رووبەڕووبوونەوە روویداوە.
 
سەرچاوەیەک لە تەندروستیی زاخۆ بە رووداوی گوت، دوو برینداری هێزە ئەمنییەکانی زاخۆ و کەسێکی سڤیل گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، تەندروستیی بریندارەکان جێگیرە و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.
 
ئەو شوێنەی شەڕەکە لێی رووداوە، قەرەباڵخترین شوێنی زاخۆیە، دوای تەقەکردن، تۆمەتبارەکان هەڵاتوون. سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی زاخۆ بە پەیامنێری رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا تەقەکەرەکان دەستگیرنەکراون.