وان؛ کۆمپانیاکانی گواستنەوە لە کەمیی گەشتیار و گرانیی سووتەمەنی نیگەرانن
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، تێرمیناڵی پاسەکانی وان قەرەباڵخییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. ئەو پاسانەی دەگەنە وان پڕن لە گەشتیار، بەڵام زۆرجار بە بەتاڵی دەگەڕێنەوە.
کۆمپانیاکانی گواستنەوە ئاماژە بەوە دەکەن، بەرزبوونەوەی خەرجییەکان و کەمیی گەشتیار، گوشارێکی زۆری بۆ هێناون و زیانیان بەردەکەوێت.
یڵماز بەلین، خاوەنی کۆمپانیایەکی گواستنەوە دەڵێت: "لە کاتی هاتندا رێژەی پڕبوونی پاسەکان 100٪ـە، بەڵام لە کاتی رۆیشتندا بەداخەوە پاسەکان بەتاڵن. مەرجەکانی کەرتی گواستنەوەی پاس زۆر قورس کراون. نرخی بلیتی پاس لە وانەوە بۆ ئیستەنبووڵ دوو هەزار لیرەیە و لە ئیستەنبووڵەوە بۆ وان سێ هەزار و 500 لیرەیە، بەڵام ئەو داهاتە خەرجییەکانمان دەرناهێنێتەوە."
کۆمپانیاکان لەلایەک بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، باجی رێگەوبان و سزاکان، لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی کەمبوونەوەی گەشتیارانی ئێران، لە دۆخێکی سەختدان.
مووسا ئۆزئایدن، کارمەندی کۆمپانیایەکی گواستنەوە دەڵێت: "بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ دۆخەکە زۆر خراپە. بەهۆی کەمبوونەوەی هاتنی گەشتیاران لە ئێرانەوە، بازاڕی وان سست بووە. کاسبکارانی وان دەبینن کە هەموو شوێنەکان چۆڵن. شادەماری ئابووریی وان ئێرانە، کە گەشتیاری ئێرانیش نەبوو، واتە کارەکانمان بەرەو کۆتایی دەچن."
هەرچەندە بەهۆی گرانیی نرخی بلیتی فڕۆکەوە، بەشێکی خەڵک پاس بۆ گەشتەکانیان هەڵدەبژێرن، بەڵام بەهۆی خەرجیی زۆر و کەمیی خواست، بەهای بلیتی پاسیش بەرزبووەتەوە. پار ساڵ لەم کاتانەدا، نرخی لیترێک گازوایل 36 لیرە بوو، بەڵام ئێستا نرخەکەی گەیشتووەتە 67 لیرە.