پۆلیسی هەولێر و سلێمانی و دهۆک ئامادەکارییەکانیان بۆ جەژن راگەیاند
رووداو - هەولێر
بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس و پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر و سلێمانی و دهۆک ئامادەکارییەکانیان بۆ جەژن راگەیاند.
بە مەبەستی رێکخستنی هاتووچۆ و کەمکردنەوەی ئەگەرەکانی دروستبوونی جەنجاڵی و رووداوەکانی هاتووچۆ لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر پلانێکی شەش خاڵی راگەیاند.
رائید فازڵ حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، بۆجێبەجێکردنی پلانە شەش خاڵییەکە سەرجەم ئەفسەر و کارمەندانی هاتووچۆی هەولێر بە هەموو هۆبە و بەشەکانەوە، بە سەرجەم پێداویستییەکانییەوە بەشدار دەبن.
فازڵ حاجی راشیگەیاند، لە دوانیوەڕۆی کۆتا رۆژی مانگی رەمەزانەوە بڵاوە بە ئەفسەر و کارمەندەکانیان دەکرێت، لە سەرجەم ئەو رێگایانەی کە بۆ گۆڕستانە سەرەکییەکانی هەولێر دەچن، بە مەبەستی رێگەگرتن لە دروستبوونی جەنجاڵی.
گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر دەڵێت، بۆ رێکخستنی هاتووچۆ چەند مەفرەزەیەک لەبەردەم پارکی شانەدەر و پارکی منارە بڵاوەیان پێدەکرێت، چونکە پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زۆر گەشتیار و هاونیشتمانی روو لەو پارکانە بکەن، بە هەمان شێوە لە بەردەم تابلۆ مۆڵ، مێگامۆڵ و بازاڕی داون تاون مەفرەزەی هاتووچۆ دادەنرێن.
سەبارەت بە بەشی کامێراکانی چاودێری، فازڵ حاجی ئاماژە بەوە دەکات "سەرەڕای کامێرا جێگیرەکان، کامێرا گەڕۆکەکانیش لەو شوێنانە دادەنرێن، کە ئەگەری تیژڕۆییان لێدەکرێت، بۆ ئەوەی ئەگەری تیژڕۆیی و ئەو رووداوانەی بەهۆی تیژڕۆییەوە روودەدەن، کەمبکەینەوە".
گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر ئاشکراشیکرد، لە دوای جەژن بەپێی رێنماییەکان دەستدەکرێت بە تۆمارکردنی ئەو ئۆتۆمبێلە ئەوروپی و بیانیانەی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی حکومی لە رۆژانی جەژن قەدەخەیە
پۆلیسی هاتووچۆی دهۆک پلانی رۆژانی جەژنی راگەیاند و ئاماژە بەوەدەکات، بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی حکومی لە رۆژانی جەژن قەدەخەیە. هاتووچۆی دهۆک ئاماری رووداوەکانی مانگی رەمەزانیشی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو لە مانگی رەمەزان رێژەی رووداوەکان کەمتر بووە.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئازاد تەها، بەرپرسی راگەیاندنی هاتووچۆی دهۆک رایگەیاند، بەپێی ئەو پلانەی دانراوە هەموو کارمەندانی هاتووچۆی دهۆک لە رۆژانی جەژن لە ئامادەباشیدا دەبن.
ئازاد تەها راشیگەیاند، هۆبەی لێکۆڵینەوە بەدواداچوون لەسەر رووداوەکان وەکو نەخشەکێشانی ترافیک لە ئەرکدا دەبن، هاوکات کامێرا و رادارەکان بە شێوەی گەڕۆک و جێگیر بە سیستەمی شەووڕۆژ لەکاردان.
راگەیاندنی هاتووچۆی دهۆک هاونیشتمان ئاگادار دەکاتەوە لەوەی هەر رووداوێک یا پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراویان بینی دەتوانن لەڕێگەی هێڵی ژمارە 188 پەیوەندییان پێوەبکەن.
ئازاد تەها دەشڵێت "رۆژێک پێش جەژن و رۆژی یەکەمی جەژن خەڵکێکی زۆر سەردانی گۆڕستانەکان دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش تیمەکانی پۆلیسی هاتووچۆ کۆنترۆڵی شەقامەکان دەکەن، بۆ ئەوەی گرفتی هاتووچۆ دروست نەبێت. هاوکات سەرپێچییەکانی هاتووچۆ لەڕێگەی سیستەمی SMSـەوە بۆ شۆفێران رەوانە دەکرێن".
سەبارەت بە ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆ لە مانگی رەمەزان، بەرپرسی راگەیاندنی هاتووچۆی دهۆک گوتی "لەو مانگەدا 73 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە و 68 هاونیشتمانی بریندار بوون، بەراورد بە دوو ساڵی رابردووش لە مانگی رەمەزان رێژەکە زۆر کەمتر بووە".
پۆلیسی سلێمانی رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانیش رایگەیاند، بەمەبەستی پاراستنی سەروماڵی هاونیشتمانیان رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر و هێزەكانی بە پلانێكی تۆكمە بە ناو شاری سلێمانیدا بڵاودەكاتەوە.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، مەفرەزەكانیان لە گۆڕستانەكان و ناوبازاڕ و شوێنە گشتییەكان بڵاوەیان پیدەكرێت، هاونیشتمانیان لە هەر حاڵەتێكی نەخوازراودا دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنەكانی ( 105) بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی و ژمارە (104) بەشی پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی بکەن.
لەبارەی سەردانی زیندانییەکان لە بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی، پۆلیسی سلێمانی دەڵێت رۆژی یەكەمی جەژن سەردانیكردن قەدەیە، رۆژی دووەمی جەژن سەردان تەنها بۆ پیاوانە
رۆژی سێیەمیش بۆ ئافرەتانە.
داڕشتنەوە: حەکیم داود