ئەمریکا کۆمەکی دارایی مۆزەخانەی سریانی لە هەولێر دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

کۆنسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند، وڵاتەکەی پرۆگرامێکی نوێی راگەیاندووە بۆ کۆمەکی دارایی بۆ مۆزەخانەی کەلەپووریی سریانی لە شارۆچکەی عەنکاوە، لەپێناو پاراستنی فەرهەنگی کەلەپووری دەوڵەمەندی کۆمەڵگەی سریانی.
 
لە راگەیێندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ رووداو نێردراوە، کۆنسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەولێر دەڵێت، بەرنامەکە لە رێگەی ئاژانسی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتییەوە سەرپەرشتی و کۆمەکی دارایی دەکرێت و کۆمەکەکە لەکاتی سەردانەکەی ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق بۆ مۆزەخانەکە راگەیێندراوە.
 
ئەو بڕە کۆمەکە بەپێی راگەیێندراوەکە تاقیگەیەکی بەدیجیتاڵیکردن و پێشانگەیەک لە مۆزەخانەکە دروست دەکات و یارمەتی پاراستنی نووسراوە دێرینەکان و پارچەی کەلەپووری و کولتووریی دێرین دەدات.
 
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەوبارەیەوە رایگەیاندووە "کۆمەڵگەی فرەڕەنگی عێراقی، لەناویشیاندا کۆمەڵگەی سریانی، مێژوویەکی کولتووری دەوڵەمەندیان پێشکەشکردووە، نەوەک بۆ خەڵکی وڵاتەکە گرنگن بەتەنیا، بگرە بۆ هەموو ئەوانەشی لەسەرانسەری دنیادا گرنگن، کە باوەڕیان لەم هەرێمەدا رەگی داکوتاوە."
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کار لەگەڵ هاوپەیمانیی کەلەپووری دەکات، کە بارەگاکەی لە ئەمریکایە بۆ پشتیوانیکردنی کاراکتەرەکانی خۆجێی و رابەرانی کۆمەڵگە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا کەلەپووری کۆمەڵگە لەشێوەی پارچەی کەلەپوور، مۆزەخانە، دەستنووس و مێژووی زارەکی و میوزیک، کە زۆرینەشیان لەلایەن داعشەوە بە ئامانج کرابوون.
 
هەروەها لە کۆتاییدا ئەوە هاتووە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەساڵی 2018ـەوە زیاتر لە 470 ملیۆن دۆلاری لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان تەرخانکردووە بۆ بوژاندنەوە و بەزیندویی هێشتنەوەی پێکهاتە ئاینی و نەژادییەکانی کۆمەڵگە.