پاتریارکی کەنیسەی رۆژهەڵاتی کۆن سوپاسی هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی دەکات بۆ پێکەوەژیان لە کوردستان


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پاتریارکی نوێی کەنیسەی رۆژهەڵاتی کۆن کرد، بە ناوی نێچیرڤان بارزانییەوە پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێکرد و هه‌موو پشتگيرييه‌كى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانی بۆ دووپاتكرده‌وه‌.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22-06-2023، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە  قه‌داسه‌تى مارگۆرگیسى سێیەم یۆنان، پاتریارکی نوێى کەنیسەی رۆژهەڵاتی کۆن و شاندێكى یاوەری کرد کە پێکهاتبوون لە مه‌تران مار يه‌عقووب دانيال، مه‌تران مار تۆما ئيرميا و قه‌شه‌ مار شه‌معوون دانيال.
 
فەوزی هەریری بە ناوی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە مارگۆرگیسى سێیەم یۆنان کرد وەکو 110یەمین پاتریارکی نوێى کەنیسەی رۆژهەڵاتی کۆن و هيواى له‌شساخى و سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌ركه‌كه‌يدا بۆ خواست و هه‌موو پشتگيرييه‌كى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانی بۆ دووپاتكرده‌وه‌.

 

 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، قه‌داسه‌تى مارگۆرگیسى سێیەم یۆنان "وێڕای نيشاندانى خۆشحاڵى به‌ دۆخى پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، سوپاس و پێزانينى خۆى و په‌يڕه‌وانى كه‌نيسه‌ى رۆژهەڵاتی کۆنى بۆ سه‌رۆكايه‌تى و رۆڵ و هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ بره‌ودان به‌ پێكه‌وه‌ژيان و ته‌بايى و لێبوورده‌يى له‌نێو پێكهاته‌كاندا ده‌ربڕى."
 
تاوتوێكردنى دۆخى پێكهاته‌ى مه‌سيحى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ گرنگيى پاراستنى پێكه‌وه‌ژيانى ئاشتيیانه‌ و مافى هه‌موو پێكهاته‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو. ئەمە بەگوێرەی راگەیێندراوەکە.