وەزارەتی پێشمەرگە مەرجەکانی پێشکێشکردن بۆ خولی نوێی ئەفسەران بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە قوتابیانی ئارەزوومەند دەکات ئەوانەی دەیانەوێت لە خولی نوێی ئەفسەران لە کولێژە سەربازییەکان وەربگیرێن، فۆرمی داواکاری پێشکێش بکەن، ماوەی وەرگرتنی داواکارییەکانیش لە رۆژی 5 تاوەکو 20ـی تەممووزە.
رۆژی پێنجشەممە، 22-6-2023، وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بانگەوازێکدا کردنەوەی دەرگەی وەرگرتنی ئارەزوومەندانی خولی نوێی ئەفسەران لە کۆلێژە سەربازییەکانی 2ـی زاخۆ و 3ـی قەلاچوالان راگەیاند، کە بڕیارە لە رۆژی 5ـی مانگی تەممووزی ئەمساڵ تاوەکو رۆژی 20ـی تەممووز داواکارییەکان وەربگیرێن.
عەمید عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگە، بە رووداوی گوت: "ئەوانەی داواکاری پێشکێش دەکەن دەبێت دەرچووی زانکۆ بن و بڕوانامەی بەکالۆریۆس و زیاتریان هەبێت، ژمارەیەکی باش بۆ هەردوو کۆلێژەکە دیاریکراوە و بڕیارە بەپێی مەرج و رێنماییەکان ئارەزوومەندان وەربگیردرێن."
عەمید عوسمان محەممەد گوتیشی: "دانیشتووانی پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکووک دەتوانن بۆ کۆلێژی سێی قەلاچوالان پێشکێش بکەن و دانیشتوانی پارێزگاکانی دیکە واتە هەولێر و دهۆک دەتوانن لە کۆلێژی سەربازیی زاخۆ داواکاریی پێشکێش بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئارەزوومەندان دەتوانن بۆ کۆلێژی دیکەش پێشکێش بکەن، واتە ئەگەر دانیشتووی پارێزگاکانی کەرکووک و سلێمانیش بن دەتوانن پێشکێشی کۆلێژی زاخۆی بکەن و ئەوانەشی لە هەولێر و دهۆکن دەتوانن داواکاریی پێشکەشی کۆلێژی سەربازیی سێی قەلاچوالان بکەن."
بە گوێرەی مەرج و رێنماییەکان، تەمەنی پێشکەشکار بۆ هاووڵاتی نابێت لە 25 ساڵ زیاتر بێت، بۆ پێشمەرگەش لە 27 ساڵ زیاتر نەبێت. هەروەها پێشکەشکار پێویستە دەرچووی یەکێک لە زانکۆکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بێت.
هەروەها رەگەزی نێر دەبێت باڵای لە 170 سانیمەتر کەمتر نەبێت رەگەزی مێش باڵای لە 155 سانیتمەتر کەمتر نەبێت و شووشی نەکردبێت. پێشکەشکار نابێت تاتۆی لەسەر جەستەدا هەبێت و توانای بینینی 6 لەسەر 6 بێت.