هێزەكەی بەدر داقووقی بەرەو كەركووك بەجێهێشت

رووداو – هەولێر

دوای ئەوەی چەكدارەكانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش هەڕەشە لە دانیشتووانی شارۆچكەی داقووق دەكەن و مۆڵەتی 48 كاژێر بە لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەو شارۆچكەیە دەدەن تاوەكو ئەو 200 چەكدارە شیعەیە لە شارۆچكەكە دەربكەن، كە بەناوی پاراستنی حوسەینییە و مەزارگەكانی ئەو مەزهەبە هێنراونەتە داقووق،ئەمڕۆ شارۆچكەی داقوقیان بەجێهێشت و روویان لە كەركووك كرد.

موقەدەم پۆڵا ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی داقووق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ كاژێر 11:30 ئەو هێزەی بەدر كە لە 180-200 كەس پێكهاتبوو شارۆچكەی داقو‌وقیان بەجێهێشت، كە ماوەی چەند رۆژێكە لەوێن ".

هەروەها گوتی، "جێهێشتنی ئەو هێزە لە ژێر فشاری دانیشتووانی داقو‌وق بوو، كە داوایان لە هێزە ئەمنییەكانی داقو‌وق بكەن بۆ ئەوەی وابكەن ئەو هێزەی بەدر لە شارۆچكەكە بچێتە دەرەوە".

پێشووتر عەمید كاوە، بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی داقووق لە لێدوانێكیدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) رایگەیاند "ئەوانە كوردی فەیلین لە سلێمانی و كفری و تەلەعفەرەوە بە پاڵپشتی ئاسایش هاتوون و بۆ ماوەی سێ‌ رۆژ دەمێننەوە و دواتر دەڕۆن، چونكە نەریتە لەلای ئەوان سێ‌ رۆژ ئەو یادە بكەنەوە".

ئیمام زەین ئەلعابدین دوای كەربەلا و نەجەف بە پیرۆزترین شوێنی شیعە مەزهەبەكان دادەنرێت و ساڵانە خەڵكێكی زۆر لە عێراق و ئێران و ناوچە شیعە مەزهەبەكانەوە سەردانی ئەو ئیمامە دەكەن، بەڵام هاتنی ئەو چەكدارانە بە گوتەی ئاسایشی پارتی بۆ تێكدانی رەوشی ئەمنی قەزاكەیە و دەڵێن ئەو 200 چەكدارە چەكی قورسیان پێیە.

بەپێی گوتەی لایەنە ئەمنییەكان ئەو چەكدارە شیعیانە  لە بەغداوە بە فڕۆكە و لە رێگای فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە چوونەتە داقووق و هێزێكی ئەمنی كوردی پارێزگارییان لێدەكات و خەڵكی داقووقیش ترسیان لە بوونی ئەو هێزە هەیە لە شارۆچكەكە.