گەنجە دەستگیراوەکە پەیامێکی بۆ ھاونیشتمانیان ھەیە

رووداو- ھەولێر

گەنجە دەستگیراوەکەی ھەولێر لە زیندانەوە پەیامێک ئاراستەی ھاونیشتمانیان دەکات بەوەی کێشەکە گەورە نەکەن دەشڵێ:" لە قسەکانم پەشیمان نیم".

 گەنجێکی شاری ھەولێر بە ناوی (شیڤان ئازاد) کە پۆلیسی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ھەولێرەو ھاوکات کاری تاکسی دەکات ، بەھۆی بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە بە ھۆی بارودۆخی خراپی ژیانی خۆیەوە بێزاری دەردەبڕێت و جنێو بە دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەدات دەستگیرکراوە.


دەستگیرکردنی ئەو گەنجە کاردانەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە دوای خۆیدا ھێناو لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستانیش سەردانی شیڤان ئازادیان لە زیندانی( گرتن و گواستنەوە) کردووە بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی ناوبراو.

سۆران عومەر، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی گوت:" ئەمرۆ سەردانی شیڤان ئازادمان لە زیندانی گرتن و گواستنەوە کرد ، باردۆخی زۆر باشە و لە ھیچ قسەیەکی خۆی پەشیمان نییە تەنیا داوایکردووە خەڵک و ھاونیشتمانیان ئەو بابەتە گەورە نەکەن با لەم باردۆخەی ھەرێمی کوردستان شتێکی نەخوازراو روو نەدات".

سۆران عومەر گوتی:" دەستگیرکردنی ئەو گەنجە تەواو پێچەوانەی یاسایە، چونکە ناوبراو لەکاتی دەوامی فەرمی نەبووەو وەک ھەر ھاونیشتمانییەک بیروڕای خۆی تۆمارکردووەو بڵاویکردووەتەوە و تەشھیریشی بەھیچ کەس و لایەنێکی دیاریکراونەکردووە بەڵکو توڕەیە لەودۆخە پڕە لەگەندەڵی و ناعەدالەتییە، ئەوەش بەپێی بەندەکانی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ".

سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ گوتی:" ئەو بە بڕیاری ئەنجوومەنی لێکۆڵینەوەی سەربازی کە خۆی کارمەندی وەزارەتی ناوخۆیە بۆ ماوەی 15 رۆژ راگیراوە بەبێ بڕیاری دادوەر"

دوابەدوای دەستگیرکردنی ئەو گەنجە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە رایگەیاند:" (شیڤان ئازاد)، دوای ئەوەی لە لایەن بەرێوەبەرایەتییەکەی ئەنجوومەنی لێکۆڵینەوەی لەسەر پێکھات، بەپێی بڕیاری سەرۆکی ئەنجوومەنەکە بە پێی ماددە (٤٣٣) لەیاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١ لە ساڵی ١٩٦٩، دەستگیرکرا ودواتر ڕەوانەی گرتووخانەی ناوەندی ھەولێرکرا و ئێستاش ناوبراو بەندە.