نێچیرڤان بارزانی: عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن سوود لە ئەزموونەکانی هیندستان وەربگرن


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کۆنسوڵی نوێی هیندستان لە هەولێر کرد و رایگەیاند، کردنەوەی گەشتی ئاسمانیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتە گرنگە و گوتی، عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن لە زۆر بواردا سوود لە ئەزموونەکانی هیندستان وەربگرن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 22-08-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە مادان گۆپال، کۆنسوڵی نوێی هیندستان لە هەرێمی کوردستان کرد. سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتگيريى خۆی و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى دیکەی بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى و بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هيندستان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان، ده‌ربڕى.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بە "گرنگیی" کردنەوەی گەشتی ئاسمانیی نێوان هەرێمی کوردستان و هیندستان کرد و رایگەیاند، عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌شێوه‌يه‌كى گشتى ده‌توانن له‌ زۆر بواردا سوود له‌ شاره‌زايى و پسپۆڕى و ئه‌زموونه‌كانى ئەو وڵاتە وه‌ربگرن.
 
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوە کرد کە دەبێت هەرێمی کوردستان بايه‌خ و گرنگى به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هيندستان بدات و ئاماژه‌ى به‌ "گرنگيى كردنه‌وه‌ى گه‌شتى راسته‌وخۆى ئاسمانيى نێوان هه‌رێمى كوردستان و هيندستان كرد."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز كۆنسوڵى گشتيى نوێى هيندستان، خۆشحاڵيى خۆى به‌ ده‌ستبه‌ركاربوونى له‌ هه‌رێمى كوردستان نيشان دا و جه‌ختى له‌ كار و هه‌وڵه‌كانى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌."