وەزارەتی تەندروستی لەبارەی کەیسی منداڵە تازە لەدایکبووەکەی هەولێر: نەخۆشخانەکە هەوڵی شێواندنی راستییەکانی داوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەی دووەمی لەبارەی کەیسی ئازاردانی منداڵێکی تازە لەدایکبوو لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لەلایەن نەخۆشخانەکە هەوڵدراوە بۆ شێواندنی راستییەکان و پاساو هێنانەوە بۆ ئەو دیاردە قێزەوەنە." دەشڵێت: "وەزارەتی تەندروستی جەخت لەسەر بەردەوامیی رێکارەکان دەکاتەوە و لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم دۆسیەیە دادەنرێت رێکاری یاسایی وەردەگیرێت."
رۆژی دووشەممە، 21-8-2023، وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی کەیسی ئازاردانی منداڵێکی تازە لەدایکبوو لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر، روونکردنەوەیەکی دیکەی بڵاوکردەوە، کە رەخنە لە نەخۆشخانەکە دەگرێت.
وەزارەتەکە لەوبارەیەوە رایگەیاندووە: "لە پرێس كۆنفرانسێكدا سەبارەت بە ئازاردان و پێشێلكردنی منداڵێكی تازە لە دایكبوو دوور لە هەموو رەوشتێكی پزیشكی و یاسایی و زانستی، وەزارەتی تەندروستی چەندین رێكار و سزای یاسایی گرتووەتەبەر، بەڵام بەداخەوە لەلایەن نەخۆشخانەكە هەوڵدراوە بۆ شێواندنی راستییەکان و پاساوهێنانەوە بۆ ئەم دیاردە قێزەوەنە و بەردەوامی سەرپێچی و كاری نایاسایی هەیە بەوەی هەوڵدەدرێت رای گشتی و پڕۆسەی لێكۆڵینەوە بەلارێدا ببرێت و بشێوێندرێت، لەجیاتی ملكەچبوون بۆ یاسا و داوای لێبووردن بەرامبەر ئەو دیاردەیەی ناخی هەموو کۆمەڵگای هەژاند، کە دەبێتە هۆکاری لاوازکردنی متمانەی هاووڵاتیان."
هەروەها جەختدەکاتەوە لەوەی: "دروستکردنی لیژنەی لێکۆڵینەوە کاری نەخۆشخانەکە نییە، بەڵکو بەیاسای مافی نەخۆش ژمارە 4ـی ساڵی 2020 و پەیڕەوی لێکۆڵینەوەی کارپێکراو لێکۆڵینەوە تەنیا کاری وەزارەتی تەندروستییە، ئەویش بەئامادەبوونی دادوەر و نوێنەری داواکاری گشتی."
سەبارەت بەو کۆنفڕانسە رۆژنامەڤانییەی لەلایەن بەشێک لەکەسوکاری منداڵەکەوە لە نەخۆشخانەکەی شاری هەولێر کرا، وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: "بەڕێزێک بەناوی سەرپەرشتیار قسە دەكات لەكاتێكدا ئەو بەڕێزە سەرپەرشتیار نییە، بەفەرمی و هیچ سیفەتێکی بەڕێوەبردنی نییە، تەنانەت رێگەپێدراویش نییە لە لیستی وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەم نەخۆشخانەیە و هیچ پەیوەندییەکی فەرمی نییە و كارمەندەكانیش ناویان لە لیستی رێگەپێدراوی فەرمی نییە بۆ كاركردن لەم نەخۆشخانەیە ئەو بەڕێزەی بەناوی نەخۆشخانە قسەدەكات تەواو نایاساییە، چونكە پزیشكی نیشتەجێی دێرینە و پسپۆڕ نییە، بەڵکو لەژێر راهێنان و مەشقكردندایە و بۆی نییە بەناوی نەخۆشخانەوە قسە بكات."
لەکۆتایی روونکردنەوەکەیدا وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: "بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی تەندروستی جەخت لەسەر بەردەوامی رێکارەکان دەکاتەوە و لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم دۆسیەیە دادەنرێت رێکاری یاسایی وەردەگیرێت لەپێناو پاراستنی مافی نەخۆش و گەیاندنی راستییەكان بە هاووڵاتیان."
سەرەتای ئەم هەفتەیە گرتەی منداڵێکی ساوا بڵاوکرایەوە، کە لەلایەن دوو کچە پەرستاری نەخۆشخانەیەکی تایبەتی شاری هەولێر ئازار دەدرێت، شێوازی مامەڵەکردنی ئەو دوو کارمەندە لەگەڵ منداڵە ساواکە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و بەیانی رۆژی یەکشەممە، 20-08-2023 وەزارەتی تەندروستی بە رووداوی گوتبوو، کە بەدواداچوون لەوبارەوە دەکەن.
دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، 20ـی ئاب، وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەوبارەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دوای بڕیاری وەزارەت بۆ گرتنەبەری رێكاری یاسایی بەرامبەر گرتە ڤیدیۆیەكی پێشێلكردنی مافی منداڵێكی تازە لەدایكبوو لە نەخۆشخانەی ئەربیل ئینتەرناشناڵی تایبەت، وەزارەتی تەندروستی لە رێگەی تیمی پشكنین و بەدواداچوون سەردانی مەیدانی نەخۆشخانەکەی كرد بۆ بەدواداچوونی ئەم دیاردەیە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی، لیژنەی وەزارەت لەکاتی سەردانی نەخۆشخانەکە چەند بڕیارێکی داوە، ئەوانیش:
- دوورخستنەوەی هەردوو كارمەندی نەخۆشخانە بە ناوەكانی (گ. ع. ع) و (س. ص. م) لە نەخۆشخانەی ناوبراو، سەرەڕای نەبوونی رێگەپێدانی كاركردنی ئەم دوو كارمەندە لە لیستی نەخۆشخانە.
- سڕكردن و لە كارڕاگرتنی هەردوو كارمەندی ناوبراو لە كاركردن لە بواری پزیشكی و تەندروستی بۆ ماوەی شەش مانگ.
- داخستنی بەشی منداڵە ناكامەكان ( خدج) لە نەخۆشخانەی ناوبراو بەهۆی نەبوونی مەرجی تەندروستی تا رێكخستنەوە و پەیڕەوكردنی مەرج و رێنماییەكانی تەندروستی.
- داخستن و راگرتنی نەشتەرگەریی منداڵبوون تا جێبەدجێكردنی بڕیارەکانی خاڵی سێیەم.
- سزای بەڕێوبەر و نەخۆشخانە بەپێی رێنمایی پێبژاردنی سەرپێچی.
- سزای ئاگاداركردنەوە (انذار)ـی بەڕێوبەری نەخۆشخانە بۆ كاركردنی پزیشكان و كارمەندان و فەرمانبەرانی نەخۆشخانە بەپێی لیستی رێگەپێدراو لە وەزارەتی تەندروستی.
- هەواڵەکردنی دۆسیەی سەرپێچی و پێشێلکردنی مافی نەخۆش بۆ دادگەی تایبەتمەند.