لە مەکسیک 150 کۆچبەر لە مردن رزگاردەکرێن
رووداو - هەولێر
زیاتر لە 150 کۆچبەر کە هاووڵاتیی وڵاتانی ئەمریکای نێوەڕاست بوون لە نێو بارهەڵگرێکدا لە باشووری مەکسیک دۆزراونەتەوە. کۆچبەرەکان هاووڵاتیی سێ وڵاتی جیاوازبوون و ئامانجیان ئەوە بووە کە بگەنە ئەمریکا.
رۆژی پێنجشەممە، 22-9-2022، بەرپرسی ئاسایشی هەرێمی چیاپس رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی رۆژانەدا بارهەڵگرێکیان لە نزیک شەقامێکی سەرەکی لە هەرێمی چیاپسی باشووری مەکسیک دۆزیوەتەوە کە 144 گواتیمالایی، شەش نیکاراگوایی و سێ سلڤادۆری تێدابووە.
ئەو بەرپرسە مەکسیکییە باسی لەوەش کردووە، تەواوی کۆچبەرەکان پێش ئەوەی بنێردرێنە دامەزراوەکانی تایبەت بە کاروباری کۆچبەران، چارەسەری پزیشکییان بۆ کراوە و خواردنیان پێدراوە.
بەگوتەی بەرپرسانی هەرێمی چیاپسی مەکسیک کە هاوسنوورە لەگەڵ گواتیمالا، ئەو کۆچبەرانە لەگەڵ قاچاخچییە مەکسیکییەکاندا هەوڵی گەیشتن بە ئەمریکایان داوە. هاوکات ئاماژەی بەوەش داوە کە گواستنەوەی کۆچبەران بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر یەکێکە لە باوترین و مەترسیدارترین شێوازی گواستنەوە کە قاچاخچییە مەکسیکییەکان بەکاری دەهێنن.
لە کانوونی یەکەمی 2021، 56 کۆچبەر لە باشووری مەکسیک گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون، ئەوەش دوای ئەوە بوو کە کۆچبەرەکان لە بارهەڵگرێکدا بار کرابوون و لە رێگەدا تووشی رووداوی هاتووچۆ ببوون.
تەممووزی ئەمساڵ زیاتر لە 50 کۆچبەر لە شارۆچکەی سان ئەنتۆنیۆی تەکساس بە مردوویی لەنێو بارهەڵگرێکدا دۆزرانەوە.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، لە ساڵی 2014ـەوە نزیکەی شەش هەزار و 430 کۆچبەری وڵاتانی ئەمریکای نێوەڕاست لە رێگەیاندا بۆ گەیشتن بە ئەمریکا مردوون یان بێسەروشوێن بوون. ئاژانسی کۆچبەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، 850 لەو کۆچبەرانە بەهۆی رووداوی هاتووچۆ یاخود شێوازی گواستنەوەی ناجۆر، گیانیان لەدەستداوە.