بەرگریی شارستانیی هەولێر تەرمی زانیاری چوار ساڵی دۆزییەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، تەرمی منداڵێکی تەمەنی چوار ساڵیان دۆزییەوە کە برای ئەو منداڵەیە دوێنێ شەممە 21-10-2023 لە پڕۆژەی ئاودێریی قەزای خەبات خنکا.
 
رۆژی یەکشەممە 22-10-2023 کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ تیمەکانی بەرگریی شارستانی تەرمی منداڵێکیان بەناوی زانیار مەروان-ی تەمەن چوار ساڵ دۆزییەوە کە دەکاتە برای کوڕێکی دیکە بەناوی دانیاڵ مەروان-ی تەمەن پێنج ساڵ. هەردووکیان دوێنێ کەوتبوونە نێو ئاوی پڕۆژەی ئاودێریی قەزای خەباتەوە."
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتیشی، "ئەو دوو منداڵە برا بوون و لەگەڵ کۆمەڵێک منداڵی دیکە یارییان کردبوو. لە کاتی یاریکردنەکەدا هەردووکیان کەوتبوونە نێو ئاوەکەوە. دوێنێ تەرمی یەکێکیان دۆزرایەوە و ئەمڕۆ تەرمی ئەوی دیکەشمان دۆزییەوە و دوای ناردنی بۆ نەخۆشخانە و دادپزیشکی، ئەمڕۆ تەرمەکەی رادەستی کەسوکارەکەی دەکرێتەوە."
 
 
بەپێی گوتەی کاروان میراودەلی، کاژێر 10:00ی بەیانیی دوێنێ شەممە، لە قەزای خەباتی سەر بە پارێزگای کەسوکاری ئەو دوو منداڵە بە گومانی خنکانی دوو کوڕەکەیان پەیوەندییان بە بەرگریی شارستانییەوە کردووە و دەستبەجێ تیمی مەلەوانیی بەرگریی شارستانی چوونە نزیک ئاوەکە و کاژێر 4:10ی پاشنیوەڕۆ تەرمی دانیاڵی تەمەن پێنج ساڵیان دۆزییەوە و ئەمڕۆ تەرمی منداڵی دووەمیش بەناوی زانیار مەروان دۆزرایەوە.
 
بەگوێرەی ئاماری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو سەرەتای مانگی ئاب، 61 کەس لە سنووری هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە ئاودا خنکاون.
 
بەگوێرەی ئامارەکە، تاوەکو ئەو رێککەوتە 27 کەس لە سنووری پارێزگای هەولێر، 19 لە پارێزگای دهۆک، 14 لە پارێزگای سلێمانی و یەک کەسیش لە پارێزگای هەڵەبجە خنکاون.