کۆمەڵی دادگەری: لە ئایندەدا هیوا و ئومێد بۆ دەنگدەرانمان ‏دەگێڕینەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمەڵی دادگەری پەیامێکی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەنجامە بەدەستهاتووەكانی كۆمەڵی دادگەری لە ‏ئاست چاوەڕوانیی ئێمە و هەڵوێست و هەوڵەكانماندا نەبووە.‏" 
 
لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان دەڵێت، "سەرباری ئەوەی هەندێك زانیاریمان لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بەدەست گەیشتووە، کە لای ئێمە پرسیار لەسەر پرۆسەکە دروست دەکات و سەرقاڵی ‏لێكۆڵینەوەین لەبارەیانەوە، پاش تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكانمان هەڵوێستی خۆمان لەبارەی پرۆسەكەوە رادەگەیەنین." 
 
باس لەوەش دەکات، "ئەم دۆخە پێویست بە هەڵسەنگاندنی ورد و بەدواداچوونی جیدی دەكات، پشتیوان ‏بە خوا بە پلان و ستراتیژ و بڕیاری پێویستەوە، لە ئایندەدا هیوا و ئومێد بۆ ئەندامان و دۆستان و دەنگدەرانمان ‏دەگێڕینەوە.‏"
 
دەنگدانى تایبەتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 18ى تشرینى یەکەم و دەنگدانى گشتى دوو رۆژ دواتر کرا، 118 سکاڵا لە بارەى هەردوو دەنگدانەوەکە پێشکێش بە کۆمیسیۆن کراوە .
 
دوێنی دووشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2024، ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان راگەیێندرا. کۆمەڵی دادگەری سێ کورسیی بەدەستهێنا. 
 
عیماد جەمیل رایگەیاند: لەگەڵ ژماردنەوەى دەنگى ئەو 26 وێستگەیە کۆمیسیۆن تاوتوێى سکاڵاکان دەکات، دواتر دەست بە دابەشکردنى کورسییەکانى پەرلەمانى کوردستان دەکات و ئەنجامى کۆتایی رادەگەیێنێت.