ئاسایشی هەولێر: دوو کەسمان دەستگیرکرد کە چەند کەناڵێکی بەدڕەوشتییان لە تێلێگرام هەبوو

رووداو  دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند دوو تۆمەتباریان دەستگیرکرد، کە خاوەنی چەند کەناڵێکی "بەدڕەوشتین" لە تێلیگرام و، جگە لە بانگەشەکردن بۆ بەدڕەوشتی، هەڕەشەیان لە خەڵک کردووە. 
 
ئاسایش دەڵێت، ئەو دوو کەسە گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی چەندین پیاو و ئافرەتیان لە لابووە و لەبەرامبەر پارە و کارتی مۆبایل، بۆ کەسانی دیکەیان رەوانە کردوون و بەکارهێنەر و بازرگانیشیان بە مادەی هۆشبەرەوە کردووە.
 
رۆژی چوارشەممە 22-11-2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەستگیرکردنی ئەو دوو تۆمەتبارەی راگەیاند کە بەپێی راگەیێندراوی ئەو دامەزراوەیە "دوو تۆمەتبارەکە خاوەنی چەند کەناڵێکی بەدڕەوشتین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دوای بەدواداچوون لەلایەن هێزەکانمانەوە، بە بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، توانیمان دوو لەو تۆمەتبارانە دەستگیر بکەین بەناوەکانی (ز. م. ع. ) و ( أ. ق. أ.)، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە خاوەنی چەند کەناڵێکن لە تۆڕی تیلیگرام بەناوەکانی ریکۆردی هەڕەشەکان لێرەیە، ڤیدیۆی کچەکەی ک، ژنم هەیە بۆ…، CTS)، هەروەها گرتەی ڤیدیۆیی چەندین ئافرەت و پیاویان لەلایە و لەبەرامبەر پارە، یان کارتی مۆبایل بۆ کەسانی دیکەیان رەوانە کردوون، هەروەها بازرگان و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەریش بوون."
 
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، ماوەیەکە چەند کەسانێک دوور لە رەوشت و دابونەریت و بەها کۆمەڵایەتییەکان، بەشێوەی راستەوخۆ (لایڤ) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەیان بۆ کاری بەدڕەوشتی کردووە و هەڕەشەیان لە خەڵک کردووە.
 
ئاسایشی هەولێر داوادەکات، هەرکەسێک سکاڵای لەسەر ئەو کەسانە هەیە، دەتوانێت لە رێگەی دادگەوە سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار بکات.