ستران عەبدوڵڵا: یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادەیە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، بۆ بەغدا لەگەڵ پارتی دەگەنە خاڵی هاوبەش و ئاماژە بەوەش دەدات هەڵبژاردنی کوردستان نابێتە بەربەستی بەردەمیان لەگەڵ پارتی و لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانن لەکاتی خۆیدا، هەر کاتێک رۆژی هەڵبژاردن دیاریکرا ئەوان ئامادەن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 22-12-2021، ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکەشی دەکات، لەبارەی دوایین کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی و ئەو بڕیارانەی لەو کۆبوونەوە دراون، رایگەیاند: "یەکێتی و پارتی ئامادەن لە قۆناخی داهاتوودا پێکەوە کار بکەن لەسەر ئەو پرەنسیپانەی لە دوایین کۆبوونەوەدا لەسەر رێککەوتوون و ئەو لیژنانەی کە هەردوولا دروستی دەکەن، پێموایە ئامادەن بگەنە خاڵی هاوبەش بۆ ئەوەی هەڵوێستی کوردستانی یەک بێت، پێموایە ئەمەش هەنگاوێکی زۆرباشە، بەراورد بەو دابڕانەی لە ماوەی رابردوودا هەبووە".
 
سەبارەت بەو ناکۆیانەش کە لەنێوان پارتی و یەکێتی هەن لەسەر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و دەستوور، ستران عەبدوڵڵا گوتی: "روانینی جیاواز بۆ دەستوور یان بۆ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن هەیە، ئەو کۆمسیۆنە دەبێتە بنکە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، هەم یەکێتی و هەم پارتی ئامادەییان تێدایە بچنە ئەو هەڵبژاردنەوە، پێشموایە کۆمیسیۆن نابێتە بەربەست بۆ ئەوەی بگەنە دەقێکی هاوبەش، پێموایە ئێستا ئیرادەیەک بۆ چارەسەرکردنی ئەو روانینە جیاوازانە هەیە، هەردوولاش دەتوانن خاڵی هاوبەش بدۆزنەوە هەم بۆ کۆمسیۆن و هەم بۆ دەستوور".
 
لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە باس لەوە دەکەن، کە یەکێتی لەگەڵ هەڵبژاردنی داهاتوودا نییە لە وادەی خۆی و گوتی: " وەک پرەنسیپێکی جێگیر یەکێتیی نیشتمانی کوردستان هیچ کات لە هەڵبژاردن نەترساوە و کێشەی لەگەڵ هەڵبژاردن نەبووە، هەمیشە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی قبووڵ کردووە، هەر کاتێک رۆژی هەڵبژاردن دیاریکرا ئێمە ئامادەین".
 
ستران عەبدوڵڵا هەروەها رەتیکردەوە لە دوایین کۆبوونەوەی نێوان هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی باسی پۆستی سەرۆککۆمار و پۆستەکانی دیکەی بەغدا کرابێت و دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکە باسی پۆستی سەرۆککۆمار نەکرا، بەڵکو ئەو بنەمایانەی کە یەکێتی و پارتی رێکبکەون لەسەر، ئەوا رێگا بۆ ئیستحقاقەکانی کوردستان لەنێویشیاندا سەرۆککۆمار خۆش دەکات".
 
ستران عەبدوڵڵا گوتیشی: "پێداگری یەکێتیش لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار بە مانای ئەوە نییە ئەو بابەتە ببێتە ناکۆکی لەنێوان یەکێتی و پارتی، بەڵکو دەبێتە بابەتێکی باشی رێککەوتن لەنێوان هەردوولا".