لە بناری چیای جودی بە هەزاران بەڕوو چێنران
رووداو دیجیتاڵ
هەڵمەتێکی چاندنی بەڕوو لە قەدپاڵی چیای جودی لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو.
پلاتفۆرمی ژینگەی شرنەخ و بزاڤی ژینگەی میزۆپۆتامیا، لە چوارچێوەی کەمپەینی (بەڕوویەک کۆبکەرەوە، بەڕوویەک بچێنە) لە گوندی کونسەرا لە قەدپاڵی چیای جودی چالاکییەکیان ئەنجام دا.
لە چالاکییەکەدا نوێنەرانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانی بەشدار بوون.
عەدنان شەنبایرام، گوتەبێژی پلاتفۆرمی ژینگەی شرنەخ لە سەرەتای چالاکییەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و تیشکی خستە سەر پێویستی پاراستنی سرووشت.
شەنبایرام رایگەیاند: "ئێمە لە بڕیاری خۆمان بۆ پاراستنی ژیان و سرووشت سوورین. ئەم چالاکییە تەنیا بۆ ئەمڕۆ نییە؛ هەموو رۆژێک بەردەوام دەبین لەسەر ئەم کارە و هیوا دەڕوێنین."
فازڵ تای، ئەندامی پلاتفۆرمەکەش باسی لە هەڵبژاردنی چیای جودی کرد و گوتی، لەم ناوچەیە زیانێکی گەورە بە سرووشت گەیشتووە.
تای داوای لە هەمووان کرد دژی تێکدانی ژینگە یەکبگرن و گوتی: "ئامانجمان چاندنی تۆوی هیوایە. با هەموو کەسێک لەو شوێنەی دەژی، تۆوی هیوا بچێنێت."
دوای گوتارەکان، بەشداربووان بە هەزاران دەنکە بەڕوویان چاند.
چالاکییەکە لەنێو جۆش و خرۆشێکی زۆردا و بە گوتنەوەی گۆرانیی کوردی کۆتایی هات.