بەرپرسانی جەهەپەی ئامەد گوتەی پەرلەمانتارێكیان رەتدەکەنەوە کە دەڵێ ''گەلی کورد نییە''
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لقەکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی ئامەد کاردانەوەی بەرامبەر لێدوانەکەی پەرلەمانتاری ساکاریای پارتەکەی نیشاندا کە گوتبووی: "گەلی کورد نییە و تەنیا خەڵکی بە رەچەڵەک کورد هەن.''
لە راگەیێندراوێکدا کە سەرۆکی لقەکانی جەهەپەی ئامەد بڵاویکردەوە، هاتووە کە گوتاری ''گەلی کورد نییە'' نکۆڵیکردنە لە راستیی مێژوویی، راستیی کۆمەڵایەتی و شکۆی ملیۆنان هاووڵاتی.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، ئەم دەربڕینانەی ئومیت دیکبایر، پەرلەمانتاری ساکاریا تەنیا مایەی نیگەرانی نین، بەڵکو جیاکاری و مەترسیدارن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کورد بە زمان، کولتوور، مێژوو و هۆشیاریی بەکۆمەڵی خۆیەوە یەکێکە لە پێکهێنەرە دامەزرێنەرەکانی ئەم وڵاتە و هەر هەنگاوێک کە نکۆڵی لەم راستییە بکات، ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکاتە ئامانج و سیاسەتی دیموکراتی ژەهراوی دەکات.
لە راگەیێندراوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی زمانی نکۆڵیکردن لە رابردوودا لە تورکیا بووەتەهۆی ئازار، پێکدادان و دابەشبوونی قووڵی کۆمەڵایەتی؛ ئاماژە بەوەش کراوە، ئەوانەی سوورن لەسەر بەردەوامیدان بەم زمانە، تورکیا لە داهاتووی دیموکراسیی خۆی دووردەخەنەوە و زیان بە ویستی پێکەوەژیانی نێوان گەلان دەگەیێنن.
سەرۆکی لقەکانی جەهەپەی ئامەد دەڵێ: "هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە، ناسنامەی گەلێک کە ژمارەیان ملیۆنان کەسە، بکاتە جێی مشتومڕ.''
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) پارتێکە بانگەشەی هاووڵاتیبوونی یەکسان، دیموکراسی و فرەیی دەکات و ئاماژە بەوە کراوە، گوتاری نکۆڵیکردن لە بوونی گەلان لەگەڵ ئەم بانگەشەیەدا یەکناگرێتەوە.
هەریەک لە شێخموس داغهان، سەرۆکی لقی یەنیشەهیری جەهەپە؛ حەمزە دەنچیز، سەرۆکی لقی کایەپناری جەهەپە و ئەردەم ئوناڵ، سەرۆکی لقی سووری جەهەپە واژۆیان لەسەر راگەیێندراوەکە کردووە.
ئومیت دیکبایر پەرلەمانتاری ساکاریای جەهەپە رۆژی شەممە 20 ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پۆستێکی پۆستێکی لەبارەی کورد و پرۆسەی چارەسەری بڵاوکردەوە و تێیدا گوتی: "گەلی کورد نییە و تەنیا خەڵکی بە رەچەڵەک کورد هەن.''