لە نەورۆزەوە تەنیا 32 رۆژ هەوای شاری کرماشان پاک بووە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای کرماشان، شارەکانی قەسری شیرین و کەنگەڤەر پیسترین هەوایان لە ئاستی پارێزگاکە هەیە و لە کرماشانیش تەنیا 32 رۆژ هەوا پاک بووە.
بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای کرماشان راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی هەوای پارێزگاکە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بە گشتی هەوای پارێزگاکە ئەم ساڵ بۆ بەساڵاچووان، منداڵان، ژنانی دووگیان و ئەو کەسانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە ناتەندروست بووە، بەڵام نەگەیشتووەتە دۆخی زۆر مەترسیدار بۆ هەموو خەڵک.
لە سەرەتای ئەم ساڵی هەتاوی، واتە لە 21-3-2025ـەوە تاوەکو کۆتایی پاییز کە دەکاتە 270 رۆژ، لە ئاستی پارێزگای کرماشان، لە شاری ئیسلامئاوا زۆرترین رۆژی هەوای پاک و لە قەسری شیرینیش کەمترین رۆژی هەوای پاک تۆمارکراون.
بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی ژینگەی کرماشان، ئەم ساڵ هەوای شاری ئیسلامئاوا 112 رۆژ پاک و 86 رۆژ گونجاو بووە. لە پاوە 101 رۆژ هەوای پاک و 150 رۆژ هەوای گونجاو، لە شاری کرماشان 32 رۆژ هەوای پاک و 196 رۆژ هەوای گونجاو تۆمارکراوە.
لە شاری قەسری شیرین 6 رۆژ هەوای پاک و 181 رۆژ هەوای گونجاو و لە شاری سەرپێڵی زەهاویش تەنیا 11 رۆژ هەوا تەواو پاک بووە و 91 رۆژ گونجاو بووە بۆ هەڵمژین.
بەو پێیە لە نەورۆزەوە لە ئیسلامئاوا 72 رۆژ، لە پاوە 119 رۆژ، لە سەرپێڵی زەهاو 168 رۆژ، لە کەنگەڤەر 184 رۆژ و لە قەسری شیرینیش 83 رۆژ هەوا پاک یان گونجاو نەبووە بۆ هەڵمژین.
سەعید دێزفولینەژاد، بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی کرماشان رایگەیاند، لەو پارێزگایە 9 وێستگە هەن بۆ دیاریکردنی چۆنییەتی هەوا، چواریان لە شاری کرماشان و پێنج وێستگەکەی دیکەش لە شارەکانی پاوە، کەنگەڤەر، ئیسلامئاوا، قەسری شیرین و سەرپێڵی زەهاون؛ دەشڵێت، پێچەوانەی ئەوەی لە میدیاکان بڵاودەکرایەوە، هەوای کرماشان بە گشتی تەنیا بۆ کەسانی هەستیار ناتەندروست بووە و هیچکات نەگەیشتووەتە قۆناخی زۆر مەترسیدار.
مێهرداد شەهبازی، جێگری بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگەی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، بەشێکی زۆر لە هۆکارەکانی پیسی هەوای پارێزگاکە وەک خۆڵبارین لە دەرەوەی پارێزگاکەن، بەڵام لەنێوخۆی پارێزگاکەش هۆکار هەن بۆ پیسبوونی هەوا، وەکو دووکەڵی کارگە و کارخانەکان.
شەهبازی دەڵێت، ئەم ساڵ ناوی 111 یەکەی پیشەسازیی پارێزگاکەیان خستووەتە لیستی ئەو یەکانەی هەوای پارێزگاکە پیس دەکەن و رێنماییان پێدراوە بۆ دانانی سیستمی رێگریکردن لە پیسکردنی هەوا و خاوێنکردنەوەی دووکەڵی کارگە و کارخانەکان.