پەیمانگەیەکی ئەمریکی: دۆخی کۆبانێ لە 2014 مەترسیدارترە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری توێژینەوە لە پەیمانگەی ئاشتیی کورد لە واشنتن هۆشداری دەدات کە دۆخی کۆبانێ لە ساڵی 2014 مەترسیدارترە و رایدەگەیێنێت، "کاتێک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ببینێت هەر چوار پارچەی کوردستان پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستان دەکەن، پێگەی هەسەدە لە دانوستاندنەکاندا بەهێزتر دەبێت."
 
مێگان بۆدێد، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە پەیمانگەی ئاشتیی کورد لە واشنتن، لە میانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە لەلایەن فوئاد رەحیمەوە پێشکێشکرا، لە قامشلۆوە باسی لە دۆخی مەیدانی و سیاسیی رۆژئاوای کوردستان کرد.
 
بۆدێد ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە بەهۆی ئاگربەستی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی دیمەشقەوە دۆخی قامشلۆ ئارامە، بەڵام دۆخی کۆبانێ "زۆر مەترسیدارە" و لەلایەن سوپای سووریاوە گەمارۆدراوە.
 
ئەو توێژەرە ئەمریکییە بەراوردێک لەنێوان دۆخی ئێستای کۆبانێ و سەردەمی هێرشی داعش دەکات و دەڵێت: "زۆر کەس دەڵێن دۆخی شارەکە لە ساڵی 2014 خراپترە؛ لە هەر سێ لاوە لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە تورکیا و سوپای سووریاوە گەمارۆ دراوە و خزمەتگوزارییەکانی ئاو، کارەبا و ئینتەرنێت پچڕاون."
 
مێگان بۆدێد جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەگشتی لە رۆژئاوای کوردستان کەشێکی "بەرخۆدان" زاڵە و "هەرچەندە خەڵک ئاشتییان دەوێت، بەڵام سوورن لەسەر پاراستنی خاکەکەیان."
 
سەبارەت بە چوونی گەنجانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بۆ رۆژئاوا، مێگان بۆدێد ئەو هەنگاوەی بە "زۆر گرنگ" وەسف کرد و گوتی: "ئەمە پەیامێکە بۆ جیهان کە ئەوە تەنیا پرسی هەسەدە یان بەشێک لە کوردستان نییە، بەڵکو پرسی مانەوەی نەتەوەیەکە."
 
بە بڕوای بەڕێوەبەری توێژینەوە لە پەیمانگەی ئاشتیی کورد، یەکدەنگیی کورد کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر مێزی گفتوگۆکان دەبێت: "کاتێک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی نێوەندگیر دەزانن کە خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستان دەیانەوێت رۆژئاوای کوردستان بپارێزن و کۆبانێ هێڵی سوورە، ئەوە هەسەدە لە دانوستاندنەکانی دا بەهێزتر دەکات و وادەکات دیمەشق و تورکیا بزانن ناتوانن دەربازی کۆبانێ ببن."
 
رۆژی پێنجشەممە، تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە هەولێر کۆبوونەوە. مێگان بۆدێد لەوبارەیەوە گوتی: "دوای کۆبوونەوەکە هیوایەک بۆ چارەسەری ئاشتییانە دروستبووە، بەڵام هێشتا ترس هەیە، چونکە هێزەکانی دیمەشق بەردەوام هەڕەشە دەکەن."
 
لەدوای هێرشەکانی سوپای سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب لە 6ـی ئەم مانگە و فراوانبوونی شەڕ بۆ ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هەزاران کەس ئاوارەی ناوچە ئارامەکان بوون و دۆخی مرۆیی لەو ناوچانە ڕوو لە خراپییە.