لە ئامەد و رووها رێگە بە گردبوونەوە بۆ ئۆجەلان نادرێت

رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاکانی ئامەد و رووها لە باکووری کوردستان بڕیاریان دا هەموو جۆرە چالاکی، گردبوونەوە و خۆپێشاندانێک قەدەخە بکەن؛ ئەمەش وەک رێگرییەک لەو گردبوونەوە جەماوەرییەی بڕیاربوو بۆ داواکردنی ئازادیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێکبخرێت.
 
بڕیاربوو رۆژی یەکشەممە (25-01-2026)، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە شاری ئامەد گردبوونەوەیەکی جەماوەری بۆ ئازادیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بکات، بەڵام پارێزگاری شارەکە رێگەی نەدا.
 
رۆژی پێنجشەممە، پارێزگای ئامەد لە راگەیێندراوێکدا قەدەخەکردنی چالاکییەکانی بۆ ماوەی چوار رۆژ راگەیاند. بە گوێرەی بڕیارەکە، لە رۆژی هەینی (23-01-2026) تاوەکو رۆژی دووشەممە، هەموو جۆرە خۆپێشاندان، رێپێوان و کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی لە شارەکە قەدەخەیە. پارێزگاکە هۆکاری بڕیارەکەی بۆ "پاراستنی ئاسایشی گشتی و رێگری لە تووندوتیژی" گەڕاندووەتەوە.
 
هاوکات لەگەڵ ئامەد، پارێزگای رووهاش هەمان بڕیاری دەرکرد. بەپێی راگەیێندراوی پارێزگای رووها، لە رۆژی هەینییەوە تاوەکو 25ی مانگ (رۆژی یەکشەممە)، هەموو جۆرە گردبوونەوە و چالاکییەک قەدەخە کراون.
 
گردبوونەوەکەی دەم پارتی بۆ داواکردنی ئازادیی ئۆجەلان، سەرەتا بڕیاربوو لە 4ی ئەم مانگە بکرێت، بەڵام بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە بۆ 25ی مانگ دواخرابوو.
 
ئەم قەدەخەکردنە لەکاتێکدایە، ماوەی چەند رۆژێکە بەهۆی هێرشەکانی سوپای سوریا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، لە بەشێک لە شارەکانی باکووری کوردستان خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەستیپێکردووە و گرژی لە ناوچەکەدا هەیە.