بەهۆی سەرماوە لە کەرکووک دوو رۆژ کرایە پشوو

رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی دابەزینی پلەی گەرماوە، پارێزگاری کەرکووک دوو رۆژ پشوو لە قوتابخانەکان رادەگەیێنێت. 
 
نووسينگەی راگەیاندنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت: "بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرماوە و لە پێناو پاراستنی قوتابیان و خوێندکاران، بەڕێز رێبوار تەها پارێزگاری کەرکووک، بڕیاریدا دووشەممە و سێشەممە لە خوێندنگاکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی و ستافی مامۆستایان پشوو فەرمی بێت."
 
لە رۆژی چوارشەممەوە، شەپۆلێکی بەفر و باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەو هۆیەوە دوێنێ، پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، بەهۆی بەفربارین و سەرماوە، یەکشەممە، 23-02-2025، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە سنووری تەوێڵە و بیارە پشووی فەرمییە.
 
پاریزگای هەڵەبجە بڵاویکردەوە، "لەسەر پێشنیازی ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، بڕیاردرا پشوو لە تەوێڵە و بیارە درێژبکرێتەوە و سبەینێش بکرێتە پشوو."
 
ئەو پشووە، خوێندکارانی دەرەکیی پۆلی 12 ناگرێتەوە.
 
دوێنێ لە چۆمانیش کرایە پشوو. ئەمڕۆ یەکشەممە، قایمقامی چۆمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پشوو درێژکرایەوە و سبەی لە تەواوی خوێندنگە و فەرمانگە حکومییەکان پشووە."