لە سێ ناوچەی هەرێمی کوردستان پشووی خوێندن درێژکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفر و سەرمایەی سنوورەکەی گرتووەتەوە، سبەی لە ناحیەکانی تەوێڵە و بیارە پشووە. لە چۆمانیش کرایە پشوو.
دوێنێ، پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاندبوو، بەهۆی بەفربارین و سەرماوە، یەکشەممە، 23-02-2025، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە سنووری تەوێڵە و بیارە پشووی فەرمییە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، لەسەر پێشنیازی ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، بڕیاردرا پشوو لە تەوێڵە و بیارە درێژبکرێتەوە و سبەینێش بکرێتە پشوو.
ئەو پشووە، خوێندکارانی دەرەکیی پۆلی 12 ناگرێتەوە.
دوێنێ لە چۆمانیش کرایە پشوو. ئەمڕۆ یەکشەممە، قایمقامی چۆمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پشوو درێژکرایەوە و سبەی لە تەواوی خوێندنگە و فەرمانگە حکومییەکان پشووە.
سێ رۆژە شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. لە زۆرینەی ناوچە شاخاوییەکان و لەنێو سەنتەری سلێمانی، بەفر باریوە و پلەکانی گەرما دابەزیون.