بەرپرسیاری رەمەزان؛ لە حاجیاوا دایکێک و دوو منداڵی لە خانوویەکی قوڕدا دەژین


رووداو دیجیتاڵ

لە گەڕەکی ئازادی لە قەزای حاجیاوا، شوکریە رەسوولی تەمەن 45 ساڵ و دوو منداڵەکەی، لە خانوویەکی قوڕ و داردا کە بە گوتەی خۆی "بەکەڵکی ئاژەڵیش نایەت،" ژیانێکی سەخت بەسەر دەبەن. 
 
خانووەکە دڵۆپە دەکات، مەترسیی رووخانی لەسەرە و پڕە لە کرم، لە بەرامبەردا مانگانە 70 هەزار دینار کرێ دەدەن، کە زۆربەی کات خێرخوازان بۆیان دابین دەکەن.
 
شوکریە، کە چوار ساڵ لەمەوبەر هاوژینەکەی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە، هیچ سەرچاوەیەکی داهاتی نییە. ئەو بە چەندین نەخۆشیی درێژخایەنەوە دەناڵێنێت، لەوانە غودە، فەقەرات، سۆفان و گیرانی دەماری قاچ، بەڵام بەهۆی هەژارییەوە نەیتوانیوە چارەسەری پێویست وەربگرێت یان نەشتەرگەری بکات. 
 
شوکریە، لە بەرنامەی (بەرپرسیاری رەمەزان)ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "جار هەبووە منداڵەکانم لە برسا گریاون و هیچ نەبووە بیخۆن."
 
دوو منداڵەکەی، ئەنەسی تەمەن 11 ساڵ و ئاسیای تەمەن 10 ساڵ، بەبێ جلوبەرگی قوتابخانە و بە پارەیەکی زۆر کەمەوە، یان هەندێکجار بەبێ پارە، دەچنە قوتابخانە. ئەنەس کە خەونی ئەوەیە لە داهاتوودا ببێتە پزیشک، دەڵێت، "دەمەوێت ژووری خۆم هەبێت لەنێو خانووی خۆمان و مووچەمان هەبێت بۆ ئەوەی بێ پارە نەچینە قوتابخانە."
 
مووچەی خانەنشینیی هاوژینە کۆچکردووەکەی کە 300 هەزار دینارە، دەدرێتە هاوژینی یەکەمی کە 10 منداڵی هەیە و ئەوان ئامادە نین هیچ بڕە پارەیەک بدەنە شوکریە و منداڵەکانی.
 
دوای ئەوەی چیرۆکی ئەم خێزانە لە (بەرپرسیاری رەمەزان) بڵاوبووەوە، چەندین خێرخواز بەدەم داواکارییەکەیانەوە چوون و پەیوەندییان بە بەرنامەکەوە کرد. خێرخوازێک لە کەرکووکەوە بەڵێنی داوە خانوویەکی باشتریان بۆ بەکرێ بگرێت و ساڵانە کرێی خانووەکەیان بۆ بدات. هاوکات خێرخوازێکی دیکە بڕیاری داوە خۆراک و جلوبەرگی جەژنیان بۆ دابین بکات لەگەڵ بڕێک پارە.
 
مامۆستا دلێر برایم، پێشنوێژ و گوتاربێژی مزگەوتی گەورەی حاجیاوا، کە لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی ئەم خێزانەیە، لە بەرپرسیاری رەمەزان، داوای لە خێرخوازان کرد هاوکارییان بکەن و گوتی، " ئەو خێزانە زۆر شایستەی زەکات و خێرپێکردنن. بەخشین قەرزێکە لای خوای گەورە لە رۆژی دوایی بە چەندین قات پێت دەدرێتەوە."