نرخی بیتکۆین بۆ کەمتر لە 65 هەزار دۆلار دابەزی


رووداو دیجیتاڵ

نرخی بیتکۆین زیاتر لە 2500 دۆلاری لێبووەوە و یەک بیتکۆین بە 64 هەزار و 900 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک بیتکۆین بەڕێژەی 5٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی و ئاستی هەستیاری 65 هەزار دۆلاری بەرەو خوارەوە شکاند.
 
لە مانگی 10ی پار نرخی یەک بیتکۆین بەرزبووەوە بۆ زیاتر لە 125 هەزار دۆلار، بەڵام لەو کاتە بەدواوە نرخەکەی رووی لە دابەزین کردووە و 47٪ـی بەهای خۆی بەراورد بە بەرزترین ئاستەکانی لەدەستداوە.
 
بەتەنیا لە ئەمساڵدا نرخی بیتکۆین 26٪ـی بەهای خۆی لەدەستداوە.
 
جێف مەی، شارەزای بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان سەر بە کۆمپانیای (BTSE) کە پەیوەستە بە تەکنەلۆجیای بلۆکچەینەوە، رایگەیاند، "بڕیاری دۆناڵد ترەمپ لەسەر بەرزکردنەوەی پێناسی گومرکی بەسەر وڵاتانی جیهاندا بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانان و وەبەرهێنەران بیتکۆینەکانیان بفرۆشن."
 
ئەو شارەزایە دەڵێت، وەبەرهێنەران لە ترسی ئەوەی نرخی بیتکۆین و بەهای بازاڕەکانی دیکە زیاتر دابەزێت، خێرا دەستیان بە فرۆشتنی بیتکۆینەکانیان کردووە.