منداڵێکی 7 ساڵ لە کۆبانێ ئاوارەیە و بە دەست 8 نەخۆشییەوە دەناڵێنێت
رووداو دیجیتاڵ
لە ژوورێکی ساردی قوتابخانەی ریفیە لە شاری کۆبانێ، کە ئێستا بووەتە پەناگەی دەیان خێزانی ئاوارە، چیرۆکی منداڵێکی 7 ساڵ بە ناوی ئێڤلین کاوە عەتۆ خۆی حەشارداوە. ئێڤلین نەک تەنیا بەدەست ئاوارەیی و سەرما، بەڵکو بە دەست 8 نەخۆشیی قورس و جەستەیەکی لاوازەوە شەڕی مانەوە لە ژیاندا دەکات.
خێزانی ئێڤلین، دوای ئەوەی گوندەکەیان بەناوی گرک لە رۆژهەڵاتی کۆبانێ کەوتە ژێر کۆنترۆڵی سوپای عەرەبیی سووریا، هەموو شتێکیان لەدوای خۆیان جێهێشت و روویان لە شاری کۆبانێ کرد. بەڵام بۆ ئێڤلین، ئاوارەیی تەنیا لەدەستدانی ماڵ و حاڵ نەبوو، بەڵکو بڕینی ئەو دەرمان و ڤاکسینانەش بوو کە ژیانی پێوە بەندبوو.
8 نەخۆشی لە جەستەیەکی بچووک
ئیناس بەسراوی جەمۆ، دایکی ئێڤلین بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە باسی دۆخی کچەکەی بۆ رووداو دەکات.
ئیناس دەڵێت، ئێڤلین لەنێو ئازارێکدایە کە زمان ناتوانێت باسی بکات و ئاماژە بەوە دەکات، بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان، ئەم منداڵە 7 ساڵانە بەدەست ئەم نەخۆشی و گرفتانەوە دەناڵێنێت: کەمیی بەرگریی جەستە، کێشەی گەشەکردن، نەخۆشیی سیلیاک (هەستیاری بە گەنم)، گەورەبوونی سپڵ و جگەر، کێشەی بیستن و خێلبوونی چاو و نەخۆشیی دڵ.
زیاتر لە 3 مانگە دەرمانەکانی بڕاون
پێش ئەوەی شەڕ و ئاوارەیی دەستپێبکات، ئێڤلین مانگانە لە دیمەشق دەرمان و ڤاکسینی تایبەتی وەردەگرت. بەڵام ئێستا، گەمارۆی سەر کۆبانێ، گیرانی رێگەکان و هەژاریی خێزانەکەی بوونەتە هۆی ئەوەی سێ مانگ بێت هیچ دەرمانێکی دەستنەکەوێت.
ئیناس بەسراوی دەڵێت: "ژیانی کچەکەم لە مەترسییەکی گەورەدایە. ناتوانین خەرجییەکانی چارەسەری دابین بکەین. هەر رۆژێک کە تێدەپەڕێت، ئێڤلین لەبەرچاوم دەتوێتەوە. دەمەوێ دەنگم بە هەموو جیهان بگات."
دایکی ئێڤلین دەڵێت، هەر جارێک کچەکەی بردووەتە دیمەشق، 800 دۆلاری بۆ پزیشک و پشکنینەکان خەرج کردووە و زۆرجار ئەو پارەیەی بە قەرز وەرگرتووە.
دایکی ئێڤلین بە هیوایەکی گەورەوە چاوی لە هەرێمی کوردستانە و لە رێگەی رووداوەوە بانگەوازێکی تایبەت ئاراستەی سەرۆک بارزانی و دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکات و دەڵێ: "بانگ لە سەرۆک بارزانی دەکەم، بانگ لە دەزگای بارزانی دەکەم؛ دەستی یارمەتی بۆ کچەکەم درێژ بکەن. داواکاریم تەنیا ئەوەیە کە ئێڤلین بگوازرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان. دڵنیام کە لەوێ پزیشکی پسپۆڕ دەتوانن کچەکەم لە مردن رزگار بکەن."
کۆبانێ لەژێر گەمارۆدایە
ئێستا شاری کۆبانێ لەژێر گەمارۆیەکی قورسدایە و پێداویستییە پزیشکییەکان زۆر کەمن. بۆ نەخۆشێکی وەک ئێڤلین، کە پێویستی بە چاودێریی تایبەت و دەرمانی گرانە، هەر کاژێرێک کە تێدەپەڕێ وەک سەدەیەکە.
چیرۆکی ئێڤلین، تاڵترین رووی شەڕ و ئاوارەییە کە لە پشت دیوارەکانی قوتابخانەیەکی شارەوە، چاوەڕێی دەستێکی خێرە تاوەکو جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ ژیان.