بەرپرسیاری رەمەزان؛ نەخۆشیی دووجەمسەری و هەژاری، ژیانی خێزانێکی پێنج کەسییان تاڵ کردووە
رووداو دیجیتاڵ
گەیلان قادر، پیاوێکی تەمەن 40 ساڵ و باوکی سێ منداڵە، لە گەڕەکی بەهاری کۆنی شاری هەولێر، لەنێوان چەکوشی نەخۆشیی دووجەمسەری و سندانی هەژاریدا، ژیانێکی سەخت بەڕێدەکات. نەخۆشییەکەی وای لێکردووە کە تەنیا دوو رۆژ لە هەفتەیەکدا بتوانێت وەک خزمەتگوزار لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەوام بکات، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کچە 13 ساڵانەکەی واز لە خوێندن بهێنێت و کوڕە 15 ساڵانەکەشی لەبری چوونە قوتابخانە، رۆژانە 10 کاژێر کار بکات.
گەیلان، لە ساڵی 2016ـەوە بەدەست نەخۆشیی 'دووجەمسەریی میزاج'ـییەوە دەناڵێنێت و مانگانە پێویستی بە کڕینی دەرمان هەیە کە نرخەکەی 25 هەزار دینارە.
گەیلان، لە بەرنامەی (بەرپرسیاری رەمەزان)ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "ئەگەر دەرمان وەرنەگرم، تێکدەچم." هاوژینەکەشی، خەدیجە محەممەد، بەدەم گێڕانەوەی سەختیی ژیانیانەوە دەڵێت: "ئەگەر حەبەکانی نەخوات، دەبێت بە زنجیر بیبەستینەوە. پێشتر دەرمانی نەدەخوارد، دەیویست بڕوات بۆ سلێمانی یان ئێران، ناچار براکانی دەرگەیان لەسەر کلیل دەدا."
ئەم خێزانە پێنج کەسییە لە خانوویەکی کرێی یەک ژووری و هۆڵێکدا دەژین کە مانگانە 200 هەزار دیناری بۆ دەدەن. خەدیجە باس لەوە دەکات کە خانووەکەیان "سەری خۆڵە و دڵۆپە دەکات." مەڕوای کچی گەیلانیش دەڵێت: "هەموومان لە یەک ژوور دەخەوین. هەندێ جار لە کاتی بارانبارین ئاو دێتە ژێرمان و لەخەو هەڵدەستین."
کەمدەرامەتیی ئەم خێزانە بووەتە هۆی ئەوەی دوو لە منداڵەکانیان لە خوێندن داببڕێن. مەڕوا، کە ئێستا دەبوو لە پۆلی 12 بێت، دوو ساڵە بەهۆی نەبوونی 50 هەزار دیناری کرێی پاس، وازی لە خوێندن هێناوە. ئەو بە حەسرەتەوە دەڵێت: "زیرەک بووم، دەمەوێ بگەڕێمەوە خوێندن و لە داهاتوو ببمە پارێزەر." برا گەورەکەشی، موئمینی تەمەن 15 ساڵ، کە نەخۆشیی رەبۆی هەیە، وازی لە خوێندن هێناوە و ئێستا رۆژانە 10 کاژێر کاردەکات تەنیا بە دوو هەزار دینار.
دکتۆر بەکر کوردە، پزیشکی پسپۆڕی دەروونی و پزیشکی تایبەتی گەیلان بە رووداوی گوت، نەخۆشیی دووجەمسەری "کار لەسەر مەزاج و مێشکی نەخۆشەکە دەکات و وردە وردە بەرەو خراپی دەڕوات." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم جۆرە نەخۆشانە "دەبنە مەترسی لەسەر دەوروبەر" و پێویستیان بە چارەسەری بەردەوام هەیە.
ئەحمەد مەولوود، موختاری گەڕەکی بەهاری کۆن، دۆخی خراپی ئەم خێزانە پشتڕاست دەکاتەوە و لە (بەرپرسیاری رەمەزان) گوتی: "دۆخی خێزانی گەیلان تا سەر ئێسقان خراپە. ئەو خانووەی تێیدان، کەڵکی ژیانی نییە."
خێزانی گەیلان، کە بژێوییان لەسەر مووچەیەکی کەم و یارمەتیی خێرخوازانە، تەنیا داواکارییەکیان هەیە؛ هەبوونی خانوویەک کە بتوانن تێیدا بحەوێنەوە و منداڵەکانیان خەونی گەڕانەوە بۆ قوتابخانە بهێننە دی.