لە ئاگری 8 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر خرانە زیندانەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
لە پارێزگای ئاگریی باکووری کوردستان، هەشت کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران کە زۆربەیان هاووڵاتیی بیانین و بە بڕیاری دادگە رەوانەی زیندان کران.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی پارێزگای ئاگری کە ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026 بڵاوکراوەتەوە، لە نێوان 5 بۆ 17ـی شوباتدا، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئاگری بە هەماهەنگی لەگەڵ داواکاری گشتیی ئاگری و بازید، ئۆپەراسیۆنێکیان لە نێوەندی شارەکە و شارۆچکەی بازید کراوە.
 
لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەشت کەس دەستبەسەرکراون کە حەوتیان هاووڵاتیی بیانین. هەروەها دەست بەسەر 6 کیلۆ و 38 گرام مێتامفیتامین، 122 گرام بنێشتی ئەفیۆن، 9 گرام هێرۆین و 
تەرازوویەکدا گیراوە.
 
دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش، هەر هەشت تۆمەتبارەکە رەوانەی دادگە کران و دوای وەرگرتنی گوتەکانیان، بە بڕیاری دادوەر بە تۆمەتی "بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر" خرانە زیندانەوە.
 
بەپێی داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، شەڕی دژی ماددە هۆشبەرەکان لە ساڵانی رابردوودا تووندتر بووە. لە ساڵی 2025دا، لە سەرانسەری باکووری کوردستان و تورکیا 43 هەزار و 524 کەس بە تۆمەتی جیاوازی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر دەستبەسەر کراون.
 
هەر بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی رابردوودا کۆی گشتیی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، گەیشتووەتە 100 هەزار و 509 کەس.