سەرۆک بارزانی لە دیداری لەگەڵ تۆم باراک: چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیار لە بەربژێری سەرۆكوەزیران دەدات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە تۆم باراک، نێردەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کرد. بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، سەرۆک بارزانی لە دیدارەکەدا رایگەیاندووە، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن كێ بەربژێری پۆستی سەرۆكوەزیران بێت و بەلای ئێمەشەوە گرنگە كە سەرۆكوەزیران پابەندی دەستوور و بنەماكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بێت".
ئەمڕۆ دووشەممە، 23-2-2026، سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە تۆم باراک کرد کە لە هەمان کاتدا، باڵیۆزی ئەمریکاشە لە تورکیا.
بەپێی رەگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادە بووە، "بەڕێز تۆم باراك وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی، پێزانینی بۆ رۆڵی سەرۆك بارزانی هەبوو لە رێگەگرتن لە فراوانبوونی شەڕ و توندوتیژی و هەروەها هەوڵدان بۆ هێوركردنەوەی پێشهاتەكانی ئەم دواییەی سووریا و سەرگرتنی رێككەوتنی نێوان حكومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات. ئاماژەشی بەوە دا كە بۆ كێشە و گرفتەكانی عێراقیش سوود لە حیكمەت و رێنوێنیی سەرۆك بارزانی وەربگیرێت. هەروها بەڕێز تۆم باراك جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی خوازیاری ئەوەیە عێراق خاوەنی سەروەریی خۆی بێت و لەو چوارچێوەیەشدا گرنگە ئەمریكا پەیوەندی و شەراكەتی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستاندا هەبێت".
سەرۆک بارزانی باسی چارەسەری کێشەکانی عێراقی بۆ تۆم باراک و شاندەکەی کردووە لە روانگەی هەرێمی کوردستانەوە.
بارەگای بارزانی دەڵێت، هەر لەو دیدارەدا "سەرۆك بارزانی رۆشنایی خستەسەر مێژوو و خەباتی گەلی كوردستان و ئەو تاوان و جینوسایدەی بەرانبەر گەلی كوردستان كراوە و هێمای بەوەدا كە گەلی كوردستان هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێكەوەژیان بووە و ویستویەتی كێشەكان دوور لە توندوتیژی چارەسەر بكرێن. لەبارەی عێراقیش سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە پابەندبوون بە دەستوور و بنەماكانی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی وا دەكات كە عێراق گەشە بكات و بەرەو پێشەوە بچێت و بەرژەوەندیی گەلانی عێراقیش هەر لەوە دایە دەستوور جێبەجێ بكرێت و عێراق خاوەنی بڕیار و سەروەریی خۆی بێت و لەگەڵ سەرجەم دراوسێكاندا بەرژەوەندیی هاوبەشی هەبێت و شەراكەتی نێوان ئەمریكا و عێراقیش رەچاو بكرێت. سەرۆك بارزانی دووپاتی كردەوە كە حكومەتی داهاتووی عێراق پابەندی جێبەجێكردنی دەستوور و بنەماكانی فیدڕاڵیزم بێت و هەروەها لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان یاسا بۆ ئەو بابەتانە دەربچێت كە هێشتا چارەسەر نەكراون و بۆ داهاتووی گەلانی عێراق گرنگ و پڕبایەخن وەك یاسای نەوت و گاز و ماددەی 140 و ئەو یاسایانەی پەیوەستن بە جێبەجێبوونی بنەماكانی فیدڕاڵیزم لە دەوڵەتی عێراق".
لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە، سەرۆک بارزانی هەڵوێستی خۆی بە تۆم باراک راگەیاندووە.
بەگوێرەی بارەگای بارزانی، لەبارەی بابەتی سەرۆككۆمار، "سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو مادام ئەو پۆستە پشكی گەلی كوردستانە پێویستە میكانیزمێكی شاییستە بۆ دیاریكردنی بەربژێری سەرۆككۆمار هەبێت كە دەرخەری ئیرادەی خەڵكی كوردستان بێت. سەبارەت بە بابەتی سەرۆكوەزیرانی عێراقیش سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە پێویستیی پابەندبوون بە بەرژەوەندییەكانی عێراق، راشیگەیاند كە چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن كە كێ بەربژێری پۆستی سەرۆكوەزیران بێت و بەلای ئێمەشەوە گرنگە كە سەرۆكوەزیران پابەندی دەستوور و بنەماكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بێت".
"پڕۆسەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بارودۆخی ناوچەكە تەوەری دیکە ئەو دیدارە بوون و سەرۆك بارزانی هیوای خواست كە كێشەكانی ناوچەكە بە ئاشتی چارەسەر بكرێت و ناوچەكە دوور بێت لە شەڕ و توندوتیژی"، بەپێی بارەگای بارزانی.