سەرچاوەیەکی باڵا بۆ رووداو: 28 ئەفسەری هەسەدە دەچنە کۆلێژی سەربازیی سووریا لە شام
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی باڵای سەربازی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ماوەی سێ رۆژی داهاتوودا 28 ئەفسەری ئەوان، دەچنە کۆلێژی سەربازیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا لە شام.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە باڵایە بۆ رووداو، ئەمە یەکەمین کۆمەڵەی ئەفسەرانی هەسەدەیە کە بۆ وەرگرتنی مەشق و راهێنانی سەربازی رەوانەی دیمەشق دەکرێن.
لە کۆی ئەو 28 ئەفسەرە، 18یان خەڵکی هەرێمی جەزیرەن و 10 ئەفسەرەکەی دیکەش خەڵکی ناوچەی کۆبانێن.
سەبارەت بە ئامانجی ناردنی ئەو ئەفسەرانە، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەو ئەفسەرانە دەبنە فەرماندەی ئەو لیوایانەی کە بڕیارە بەپێی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم پێکبهێندرێن.
ماوەی خولی مەشق و راهێنانەکەیان لە نێوان شەش مانگ بۆ ساڵێک دەبێت و ئامانج لێی ئامادەکردنی فەرماندەی لیوا و کەتیبەکانە. دوای تەواوکردنی خولەکەش، پلەی سەربازیی باڵایان وەک عەمید و عەقید پێدەدرێت.
هەمان سەرچاوە ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە لە پلاندایە لە داهاتوودا کۆمەڵەیەکی دیکەی ئەفسەرانی هەسەدە رەوانە بکرێن، بە مەبەستی مەشقکردن و ئامادەکردنیان وەک فەرماندەی سریە.