فەرهاد بە چەكوش و چەقۆ کوژرا

رووداو - هەولێر

فەرهاد ویستی لەگەڵ هاوڕێكەی لە ناوچەی قەندیل كاتێكی خۆش بەسەرببەن، دواتریش وەكو رۆژانی ئاسایی بڕواتەوە نێو خێزانەكەی، بەڵام نەیزانی هاوڕێكەی تەڵەی بۆ داناوە و چاوی بڕیوەتە ئۆتۆمبێلەكەی. ئەوەی فەرهادی بە چەقۆ و چەكوش كوشت، هاوڕێ گیانی بە گیانییەکەی بوو.

رۆژی 4/4/2016 فەرهاد مامك، تەمەن 43 ساڵ كە دانیشتووی شارۆچكەی شەقڵاوەی سەر بە شاری هەولێرە، بەمەبەستی بەسەربردنی كاتێكی خۆش، لەگەڵ هاوڕێیەكی بەنێوی (د.ر) دەچنە قەندیل، بەڵام لەوێ‌ لەلایەن هاوڕێكەی دەكوژرێ‌. (د.ر) تەمەنی 23 ساڵە و دانیشتووی ناحیەی هەریرە. چوار رۆژ دوای رووداوەكە، لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە قۆڵبەست كرا.

نەقیب هۆگر عەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بە (رووداو)ی راگەیاند “بكوژ و كوژراو هاوڕێی یەكدی بوون. ئەو رۆژە چوونە چیای قەندیل بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش، بەڵام فەرهاد لەلایەن (د.ر)ی هاوڕێیەوە كوژراوە و دواتریش بەهۆی مۆبایلی كوژراوەكەوە، تۆمەتبار لە ماڵی خۆی لە ناحیەی هەریر دەستگیركراوە”.

نەقیب هۆگر عەزیز گوتی "تۆمەتبار لەكاتی لێكۆڵینەوەدا دانی بەوەدا ناوە كە دەمێك بوو چاوی بڕیبووە ئۆتۆمبێلی هاوڕێكەی. بۆیە بە چەكوش و چەقۆ كوشتوویەتی. كوژراوەكەش لەبەرئەوەی خاوەن پێداویستیی تایبەت بووە، نەیتوانیوە بەرگری لەخۆی بكات". گوتەبێژەكەی پۆلیسی هەولێر وەک ئەنجامی بەرایی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایکرد کە "بكوژ پێشتر پلانی بۆ ئەو كارە داڕشتووە".

بەپێی ئەو زانیارییانەی (رووداو) لە خەڵكی شەقڵاوە دەستیكەوتووە، مەبەستی بكوژ لەو كارە فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی كوژراو بووە بۆئەوەی بە پارەكەی بچێتە دەرەوەی وڵات. سەرچاوەیەك لە شارۆچكەی شەقڵاوە گوتی “باسدەکەن کە بكوژەكە ڤیزای توركیاشی وەرگرتبوو،  بۆئەوەی دوای رووداوەكە ئۆتۆمبێلەكەی بفرۆشێ‌ و سەفەر بكات". بەڵام نەقیب هۆگر ئەو قسەیەی رەتكردەوە و گوتی "ئەو زانیارییانە راست نین، بەڵكو تەنیا مەبەستی بەدەستهێنانی ئۆتۆمبێلەكە بووە". هەر بەپێی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە، جەستەی كوژراوەكە پارچە پارچەش كراوە. نەقیب هۆگر گوتی "جەستەی بە چەقۆ شێوێندرابوو".

فەرهاد لەبەرئەوەی خاوەن پێداویستیی تایبەت بووە جگە لەو مووچەیەی كە مانگانە وەریگرتووە هیچ كارێكی دیكەی نەبووە، هەرچەندە تۆمەتبارەكە ئاماژەی بەوەكردووە كە لەبەر ئۆتۆمبێلی كوژراوەكە ئەو كارەی كردووە، بەڵام كەسێكی نزیك لە فەرهاد بێئاگایی خۆیانی لە رووداوەكە راگەیاند و بە (رووداو)ی گوت "ئەو رۆژە فەرهاد وەكو رۆژانی ئاسایی چووەتە دەرەوە، بەڵام نازانین بۆ كوێ رۆیشتووە. تاوەكو كاژێر شەشی ئێوارەش مۆبایلەكەی كرابووەوە، قسەمان لەگەڵ كرد گوتویەتی لە دەرەوەم، بەڵام نەیگوتبوو لەگەڵ ئەو هاوڕێیەمم، دواتریش مۆبایلەكەی داخرابوو".

دوای ئەوەی فەرهاد مۆبایلەكەی دادەخرێت و ناگەڕێتەوە، خێزانەكەی تەنگاو دەبن و هەر ئەو شەوە دەكەونە سۆراخكردنی. سەر لەبەیانی رۆژی 5/4/2016 پۆلیسی شەقڵاوە خێزانی فەرهاد لە دۆزینەوەی تەرمەكە ئاگادار دەكەنەوە. كەسە نزیكەكەی فەرهاد گوتی "رووداوەكە بەلای ئێمەوە زۆر چاوەڕواننەكراو بوو، چونكە نەمانزانیوە فەرهاد هیچ كێشەیەكی هەبووبێ‌".

سەبارەت بە گوتەی تۆمەتبارەكە كە گوتویەتی بۆ ئۆتۆمبێلەكە فەرهادی كوشتبێ‌، ئەو كەسە نزیكەی فەرهاد گوتی "ئاگاداری قسەی تۆمەتبارەكە نین و ناشزانین لەسەر چی بووە، تەنانەت پێشتریش تۆمەتبارەكەمان نەبینیوە و نەشمان ناسیوە".

بە گوتەی ئەو كەسە، دوای رووداوەكە خێزانی بکوژەکە پەیوەندییان پێوەكردوون بۆ ئەوەی سەردانیان بكەن و گوتی "ویستیان بێنە پرسەكەوە، بەڵام گوتمان جارێ بوەستن، ئێمەش سكاڵامان تۆمار كردووە و چاوەڕێی یاساین".