لە هەولێر بازرگانێکی مادەی هۆشبەر لە رووبەڕووبوونەوەی ئاسایشدا دەکوژرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان دەڵێت، لە رووبەڕووبوونەوەی دوو بازرگانی مادەی هۆشبەردا لە عەنکاوە، کارمەندێکیان "بە سەختی" بریندار بووە، هەروەها یەکێک لە بازرگانەکان کوژراوە و ئەوی دیکەیان دەستگیرکراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان باس لەوە دەکات، "کاژێر 6:15 خولەکی ئێوارەی 23-4-2024، تیمێکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دادوەر بەدواداچوونی بۆ دوو بازرگانی مادە هۆشبەرەکان کرد."
ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە دەوروبەری عەنکاوە، داواکراوەکان رووی چەکەکانیان ئاراستەی هێزەکانی ئاسایش کرد و کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بەسەختی بریندار بوو".
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە وەڵامی تەقەی بازرگانەکاندا، بەگوتەی خۆیان، دەستڕێژیان لێکردوون و یەکێکیان کوژراوە و ئەوی دیکەش بریندارکراوە.
ئاسایش دەڵێت، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.