فێڵێکی ئەلیکترۆنی لە رێگەی بەکارهێنانی سیمکارت و کیکارت قۆڵی دەیان هاونیشتمانیی بڕیوە


رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک هاونیشتمانی لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بوونەتە قوربانیی دیاردەیەکی نوێی فێڵی ئەلیکترۆنی. بەبێ ئاگاداریی خۆیان، چەندین کیکارتیان بەناوەوە کراوە و سیمکارتەکانی پێشوو کە بەناویانە، لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ قۆڵبڕین و راکێشانی پارە بەکارهێنراون. ئێستا ئەو هاونیشتمانییانە رووبەڕووی دەیان سکاڵای یاسایی و فەرمانی گرتن بوونەتەوە و داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکات.
 
کێشەکە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ناحیەکانی خەلیفان، کەلەکچی، شێخان و ئاکرێ سەریهەڵداوە. قوربانییان باس لەوە دەکەن کە ژیانیان تێکچووە و لە ترسی دەستگیرکردنیان لە بازگەکان، ناتوانن هاتووچۆی ئاسایی بکەن.
 
عادل سابیر، یەکێک لە قوربانییان، بە دوو ساڵ "زیندانیی نائامادە" لە دادگەیەکی شاری کووت حوکم دراوە، بەبێ ئەوەی ئاگاداری دانیشتنی دادگەکە بێت. عادل لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "کیکارتێکی دیکە بەناوی منەوە دروستکراوە و 9 ملیۆن دیناری پێ راکێشراوە. ئێستا سێ سکاڵای دیکەم لە زیقار و بەرتلە لەسەرە و فەرمانی گرتنم هەیە. نازانم چەند کیکارت بەناوی منەوە دروست کراوە."
 
هاوکات عارف سوورچی، کە زیاتر لە 200 سیمکارتی بەناوەوە کراوە، لە بەرپرسیار گوتی: "نزیکەی 30 کەس لە خەلیفان هەمان کێشەیان هەیە. سکاڵایەکم لە پارێزگای واست بۆ هاتووە کە گوایە 20 ملیۆن دینارم راکێشاوە. لە هەر بازگەیەک مەترسیی گیرانم هەیە."
 
ئارام مستەفا، قوربانییەکی دیکەیە و باس لەوە دەکات کە پێنج کەیسی یاسایی لەسەرە و تاوەکو ئێستا 10 ملیۆن دیناری بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە کەیسەکان خەرج کردووە.
ئەو دەڵێت: "لەسەر یەکێک لە کەیسەکان 16 شەو لە هەولێر گیرام. بەناوی منەوە 27 ملیۆن دینار لە بەغدا راکێشراوە. ژیان خەومان نەماوە."
 
چۆن فێڵەکە دەکرێت؟
 
بە گوتەی پارێزەران و قوربانییان، باندەکان دوو رێگەی سەرەکی بۆ ئەم کارە بەکاردەهێنن:
 
1- کیکارت: کەسانێک لە شێخان، ئاکرێ و کەلەکچی، بە بیانووی هاوکاری، کارتی نیشتمانی و زانیارییان لە خەڵکی هەژار وەرگرتووە و بە بڕی 25 هەزار دینار کیکارتیان بۆ دروست کردوون. دواتر ئەو کیکارتانە بە باندەکانی فێڵکردن فرۆشراونەتەوە و بۆ راکێشانی پارەی خەڵکی دیکە بەکارهێنراون. 
 
پارێزەرێک دەڵێت: "یەکێک لە بریکارەکانی ئازووقە لە کەلەکچی، بەهۆی دەستڕاگەیشتنی بە زانیاریی خەڵک، کارتی بۆ ژمارەیەکی زۆر دروست کردووە و ئێستا خاوەنی چەندین خانوو و ئۆتۆمبێلە."
 
2- سیمکارت: بریکارەکانی کۆمپانیاکانی پەیوەندی، بە بیانووی سپۆنسەریکردنی یانە وەرزشییەکان یان چالاکیی دیکە، ناسنامەی هاونیشتمانییانیان وەرگرتووە و دەیان و بگرە سەدان سیمکارتیان بەناوەوە کردوون. ئەو سیمکارتانە رەوانەی شارەکانی باشووری عێراق کراون و لەوێ لە رێگەی فێڵی وەک "بردنەوەی خەڵات" یان "زین کاش" پارەی خەڵکی پێ دزراوە. کاتێک خەڵکەکە سکاڵا تۆمار دەکەن، فەرمانی گرتن بۆ ئەو کەسە دەردەچێت کە سیمکارتەکەی لە هەرێمی کوردستان بەناوەوەیە.
 
وەزارەتی ناوخۆ دێتە سەر هێڵ
 
دوای بەرزبوونەوەی سکاڵاکان، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی باڵای بۆ بەدواداچوونی کێشەکە پێکهێناوە. 
 
دکتۆر هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆ، بە رووداوی راگەیاند: "لیژنەکە بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ پێکهاتووە و سەردانی بەشێک لە قوربانییانی کردووە، بەتایبەت لە خەلیفان، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن."
 
سەبارەت بە فەرمانی گرتنی هاونیشتمانییانیش، هێمن میرانی گوتی: "ئێمە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی دادگەمان نییە، بەڵام ئەو کەسانە دەتوانن لە رێگەی پارێزگەرەوە داواکاری پێشکێش بکەن و دادگەکان دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی فەرمانەکانیان هەیە."
 
لیژنەکەی وەزارەتی ناوخۆ سەردانی خەلیفانی کردووە و لەگەڵ 23 سکاڵالێکراو و سێ بریکاری سیمکارت کۆبووەتەوە و وتەی لێ وەرگرتوون. هەروەها نووسراویان ئاراستەی کۆمپانیاکانی پەیوەندی و وەزارەتی ناوخۆی عێراق کردووە بۆ ئەوەی چارەسەرێکی ریشەیی بۆ کێشەکە بدۆزرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی کۆتایی دەرنەچووە.