وەزارەتی کارەبا: 5.5 ملیۆن هاونیشتمانی کارەبای 24 کاژێریان هەیە


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، پڕۆژەی رووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری "سەرکەوتنێکی گەورە"ی بەدەستهێناوە و ئێستا نزیکەی 5.5 ملیۆن هاونیشتمانی لێی سوودمەند دەبن، ئەوەش دەکاتە زیاتر لە 85٪ـی کۆی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان. هاوکات بەهۆی پڕۆژەکەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مۆلیدە کوژێنراونەتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رایگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا، کارەبای 24 کاژێری بۆ تەواوی شارەکانی زاخۆ، سۆران، راپەڕین، پیرمام، ئاکرێ، سیمێل و کۆیە دابینکراوە.
 
وەزارەتی کارەبا ئاماژە بەوە دەکات، هەموو ئەو هاوبەشانەی دەبنە بەشێک لە پڕۆژەی رووناکی، بۆ ماوەی سێ مانگی یەکەم و وەک قۆناخی راگوزەر بۆ نرخە نوێیەکان، سوودمەند دەبن لە داشکاندنی نرخ لەسەر پسوولەکانیان بە رێژەی 50%، 25%و 15%.
 
بەپێی دوایین ئامارەکان، ژمارەی هاوبەشانی کارەبا لەنێو پڕۆژەکەدا گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 470 هەزار هاوبەش. پارێزگای هەولێر بە یەک ملیۆن و 935 هەزار هاونیشتمانی و پارێزگای سلێمانی بە یەک ملیۆن و 345 هەزار هاونیشتمانی، زۆرترین رێژەی سوودمەندبووانیان هەیە.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی کارەبا یەکێکی دیکە لە دەستکەوتە ژینگەیی و خزمەتگوزارییەکانی پڕۆژەی رووناکی، کوژاندنەوەی مۆلیدە ئەهلییەکانە، کە تاوەکو ئێستا 5,917 مۆلیدەی گازوایل لە گەڕەکەکان کوژێنراونەتەوە، کە دەکاتە 85%ـی کۆی مۆلیدەکانی کوردستان.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026، ژمارەی مۆلیدە کوژاوەکان بگەیێنێتە زیاتر لە 7,000 مۆلیدە. ئەم هەنگاوە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر پاراستنی ژینگە هەبووە و ساڵانە رێگری لە دەردانی یەک ملیۆن و 127 هەزار و 430 تۆن دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەگرێت.
 
پڕۆژەی ڕووناکی لە تشرینی دووەمی ساڵی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا. ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە گەیاندنی کارەبای 24 کاژێرییە بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026.
 
لە ئایاری 2026ـدا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری پەسندکردنی پڕۆژەکەی دا، کە وەک وەرچەرخانێکی ستراتیژی لە کەرتی وزە و خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا دەبینرێت.
 
 دوا ئاماری هاونیشتمانییان و هاوبەشانی نێو پڕۆژەی رووناکی

 شار / ناوچە            ژمارەی هاونیشتمانییان    ژمارەی هاوبەشان  
 
  هەولێر                                      1,935,000               504,000          
  سلێمانی                                   1,345,000               351,000          
  دهۆک                                       495,000                 134,000          
  هەڵەبجە                                    135,000                   38,000           
  سۆران                                       308,000                   83,000           
  زاخۆ (لەگەڵ باتیفا)                      300,000                  83,000           
  راپەڕین (لەگەڵ رانیە - چەمچەماڵ) 391,700               109,000          
  کۆیە                                          135,300                   39,000           
  پیرمام                                      77,900                       22,000           
  ئاکرێ                                       143,500                     41,000           
  سیمێل                                     225,500                     66,000           
  کۆی گشتی                               5,491,900               1,470,000