ژنە دیزاینەرێك مۆركی كوردی لە خشڵ دەدات
رووداو- هەولێر
پێشتر وەكو بازرگانێكی سەركەوتوو لە لقی كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی لە كوردستان كاری دەكرد، بەڵام هەموو كات خەوی بە سەركەوتنی دیكەوە دەبینی، بۆیەش دالی دیزاینی دانا، بۆ ئەوەی خشڵی مۆدێرن بە مۆرك و نیشانەی كوردی دیزاین بكات. دەریا جەلال عەلی لە ماوەیەكی كورتدا توانی سەرنجی خەڵكانێكی زۆر بۆ لای دیزاینەكانی خۆی رابكێشێ.
دەریا لەبارەی دەستپێكردنی ئەو كارە بە (رووداو)ی گوت: "كاری ئۆفیسم پێخۆش بوو، بەڵام لەهەمانكاتدا دەمزانی شتێكی جیاواز لەوەم دەوێ كە هی خۆم بێ"، بۆیە سەرەتا بە خشڵەكانی خۆی پارچەی نوێی دروستكرد و تێیاندا كەرەستەی كوردی بۆ دروستكردنی خشڵی مۆدێرن بەكارهێنا. سەرەتاش "گوارەی سەر پەرچەم"ی دروست كرد كە لە هەولێر بە چەنغ ناسراوە و ئافرەتی كورد لە دەوری لەچك یان كڵاوەكانیانی دەدەن.
دیزاینەرە كوردەكە خۆشەویستییەكی زۆری بۆ كولتووری خۆی هەیە، بەڵام هەستی كردووە خەڵك كەرەستەكانی كولتووری كوردی بەكاردەهێنن، بێ ئەوەی رێزیان لێبگرن. دەریا سەبارەت بە سەرپەرچەم دەڵێ "ئەو جۆرە خشڵەم زۆر پێ جوانە، زۆر كوردییە، دەمویست بۆ دروستكردنی خشڵی مۆدێرن بەكاری بهێنم، تاوەكو لەگەڵ جلی كوردی بیبینم".
قەزوان ماتریاڵێكی دیكەیە كە دەریا لە دیزاینەكانیدا سوودی لێوەردەگرێ. ئەمە زیاتر لەلایەن پیاوانەوە بۆ دروستكردنی تەسبیح بەكاردەهێنرێ، بۆیە دەڵێت: "سەرەتا فرۆشتنی گوارەی قەزوان سەخت بوو، بەڵام كاتێك خۆم لەگەڵ جلوبەرگی دەرەوە لە گوێم دەكردن، خەڵك تێبینییان كرد و پێیان جوان بوو، ئێستا گوارەی قەزوان زیاتر لە هەموو شتەكانی دیكە داوای لەسەرە".
هێندەی نەبرد دیزانەكانی دەریا لەناو خزم و كەس و هاوڕێكانیدا ناوبانگیان دەركرد، بۆیەش هاوژینەكەی هانی دا پەیجێك بۆ نمایشكردنی بەرهەمەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بكاتەوە. لە كانوونی یەكەمی 2017، پێشانگایەكی كۆلێكشنی پایز و زستانەی لەسەر ئینستاگرام دانا و دوای ئەوە بازاڕی كارەكانی گەرم بوو.
لەبارەی بەرزبوونەوەی داوا لەسەر كارەكانی، دەریا بە (رووداو)ی گوت: "لە مانگی یەكەمدا 15 داوام پێگەیشت، لەوێوە دەستم بە دروستكردنی پارچەی نوێ كرد. هەندێك لە پارچەكانم بە رەنگێك دروست دەكرد كە لەگەڵ لۆگۆكەمدا بێنەوە، واتە سوور و پەمەیی. خەڵكیش داوای كارەكانیان دەكردم، ئیدی هەستم كرد لەوە زیاتریشم پێیە بۆ ئەوەی پێشكەشی خەڵكی بكەم".
ئێستا "دالی دیزاین" 35 دیزاینی جیاوازی گوارە، بازنە و ملوانكەی هەیە و لەسەر ئیسنتاگرام و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی دیكە نمایشیان دەكات. دەریا بایەخێكی زۆر بەوە دەدات كارەكانی تایبەتمەندیی كوردییان پێوە بێ و پاكێجەكانی لەگەڵ وێنە دەخاتەڕوو، دوو رووخساریش لەناو وێنەكاندا بەردەوام بەرچاو دەكەون كە یەكێكیان حەپسەخانی نەقیبە. حەپسەخان لە نێوان ساڵانی بیستەكان و پەنجاكانی سەتەی رابردوو كاری بۆ مافەكانی ئافرەت و مافی پەروەردەی كچان دەكرد و یەكەم خوێندنگای كچانیشی لە كوردستان كردەوە.
دەریا سەبارەت بە هۆكاری دانانی وێنەكانی حەپسەخان دەڵێ: "حەز دەكەم رووخسارەكانی دالی دیزاین تەنیا جوانییان تێدا نەبێ، بەڵكو كەسایەتییەكیشیان لەگەڵ بێ كە دوای ئەو هەموو ساڵە سەرچاوەی ئیلهامە بۆ ئافرەتی وەكو من".
جیا لە حەپسەخانی نەقیب، دەریا وێنەی نەنكیشی لە تەنیشت پارچە خشڵەكان دادەنێ كە ئێستا لە حەفتاكانی تەمەنی خۆیدا دەژی. دیزاینەرەكە سەبارەت بە نەنكی دەڵێ "نەنكم یارمەتی داین بخوێنین، سەرەڕای ئەوەی خۆی قوتابخانەی تەواو نەكردبوو، هەست دەكەم یەكێك لە زیرەكترین ئافرەتەكانی ناو ژیانمە".
دەریا بەنیازە لەمەودوا وێنەی دەشنێ مورادی گۆرانیبێژیش لە پاڵ دیزاینەكانی دابنێ "چونكە زۆر هانی ئافرەتان دەدا بۆ ئەوەی بزنسی خۆیان هەبێ و كارساز بن".
لە شەش مانگی رابردوودا دەریا 200 پارچە لە كارەكانی خۆی فرۆشتووە، خەویش بەوەوە دەبینێ كۆگا و فرۆشگای ئۆنلاینی بەرهەمەكانی بكاتەوە، بەڵام خەوی گەورەی ئەوەیە بازاڕێكی گەورەتر لەوەی كوردستان و عێراق بۆ بەرهەمەكانی هەبێ و بەرهەمەكانی بە جیهانی دەرەوەش بفرۆشێ.