خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند: بە حەوت ساڵ تەنیا 80 هەزار دینارمان وەرگرتووە

رووداو - سلێمانی

ژمارەیەک لە خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند لەبەردەم پڕۆژەکە گردبوونەوە و دەڵێن، بڕیاربووە لەگەڵ ئیدارەی پڕۆژەکە کۆببنەوە بەڵام ئەمڕۆش جارێکی دیکە بە بیانووی جیاواز لەوێ نەبوون.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، نوێنەرێکی خۆپیشاندەران رایگەیاند، سێ رۆژ پێش ئێستا چوونەتە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، سەرۆکی ئەنجوومەن بڕیاری داوە لیژنەیەکیان لەگەڵ بنێرێت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئیدارەی چاڤی لاند، وادەی کۆبوونەوەکەیان ئەمڕۆ بووە بەڵام کە ئەمڕۆ چوونەتە چاڤی لاند کەس لە ئیدارە نەبووە.

خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند دەڵێن، لە ساڵی 2011ـەوە پارەیان خستووەتە نێو ئەو پڕۆژەیەوە کە بڕەکەی 22 ملیۆن دۆلارە، لەو کاتەوە تەنیا دوو ساڵ پارەیان وەرگرتووە؛ ئەوانیش ساڵی 2013 بۆ هەر ملیۆنێک 30 هەزار و ساڵی 2016ـەش 50 هەزار دیناریان وەرگرتووە.

خاوەن پشکەکان شاسوار عەبدولواحید، کە خاوەنی کۆمپانیای نالیایە بەوە تۆمەتبار دەکەن پارەی ساڵەکانی 2014، 2015، 2017 و 2018ی ئەوانی نەداوە.

نوێنەری خۆپیشاندەران گوتی "دوو ساڵە خاوەن پشکەکان تەلەفۆن بۆ ئیدارەی چاڤی لاند دەکەن، یاری بە شعورمان دەکەن. بۆیە داوا لە داواکاری گشتیی، ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگاری سلێمانی دەکەین کە ئەم زوڵمە قبوڵنەکەن و بە یاسا مافەکانمان بۆ بگەڕێننەوە".