نوێنەری حدکا لە هەولێر: داوا لە خۆپێشاندەرانی بەردەم نووسینگەی UN دەکەین هێمن و ئارام بن

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی چوارەمی گردبوونەوەی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبەردەم نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، بۆ وەرگرتنەوەی وەڵامی ئەو یاداشتەی 20ی ئەم مانگە پێشکێشی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا لە شاری هەولێر.
 
بەشێک لە پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبەردەم نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر کۆبوونەوە، نوێنەری حیزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان ئامادە دەکرد تاوەکو بچنە نێو کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان. محەممەد ساڵح قادری کە نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە لە هەولێر، بە رووداوی گوت "داوا لە خۆپێشاندەران دەکەین هێمن و ئارامبن، ئێمە دوای دانیشتنمان لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجامی دانیشتنەکەشیان بۆ ئاشکرا دەکەین".
 
بەڵام ئەحمەد عەبدوڵڵا کە یەکێک لە خۆپێشاندەران بوو بە دەنگ هات و گوتی "ئێمە نوێنەری حیزبیمان ناوێت، ئێمە کەسێکمان دەوێت کە هەڵقوڵاوی ئازارەکانی خۆمان بێت".
 
ئەوەش وایکرد، خۆپێشاندەران، جگە لە نوێنەری حیزبەکان، نوێنەرێکی دیکە بۆ خۆیان دەستنیشان بکەن، بەڵام پاش چوونەژوورەوەی بۆ نێو کۆبوونەوەکە و دوای نزیکەی 10 خولەک، نوێنەرەکە کرایە دەرەوە. ئەشکان ئەحمەدی ئەو نوێنەرەی خۆپێشاندەران هەڵیانبژارد، بە رووداوی گوت "بەرپرسە حیزبییەکان گوتیان ئێمە دەمانەوێت بە تەنیا لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان دابنیشین.. نوێنەری حیزبەکان کە منیان بینی تووشی شۆک بوون".
 
دوای زیاتر لە سێ کاژێر، نوێنەری حیزبەکان لە کۆبوونەوە هاتنە دەرەوە بۆ نێو خۆپێشاندەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، محەممەد ساڵح قادری، نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێر کە یەکێک لە بەشداربووەکانی نێو کۆبوونەوەکە بوو، گوتی "بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر هێڵ لەگەڵ ئێمە دەمێننەوە، هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام دەدەین".
 
داواکاریی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، خۆی لە نۆ خاڵدا دەبینێتەوە، دیارترینیان نیشتەجێکردنیانە لە وڵاتی سێیەم و رەخساندنی هەلی خوێندنە بۆ منداڵەکانیان و ئەوانەی ناویان بە پەناخواز لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارکراوە، بکرێتە پەنابەر.
 
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ بڵاویکردەوە، 10 هەزار و 669 پەنابەری رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، ئەنجوومەنی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان مەزەندە دەکەن پێنج بۆ شەش هەزار پەنابەری رۆژهەڵاتی کوردستان ناویان تۆمار نەکرابێت.