بەهۆی شەڕی دوو خێزانەوە پێنج کەس لە سەیدسادق برینداربوون

رووداو دیجیتاڵ 

لە قەزای سەیدسادق بەهۆی شەڕی نێوان دوو خێزانەوە پێنج کەس برینداربوون. سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی دەڵێت، سێ لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە رەوانەی سلێمانی کراون و برینی دوو بریندارەکەی دیکە سووکە.
 
شەوی سێشەممە 23-5-2023 سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی "122"، لەبارەی شەڕەکەی ئەم ئێوارەیەی قەزای سەیدسادقی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،"بەهۆی شەڕی نێوان دوو خێزانەوە ئێوارەی ئەمڕۆ سێ بریندار لە قەزای سەیدسادقەوە کە برینداری گولـلە و چەقۆن گەیێندرانە نەخۆشخانەی شار لە شاری سلێمانی؛ برینی یەکێکیان قورسە، چونکە گولـلە و چەقۆشی بەرکەوتووە."
 
سامان نادر گوتی،"لەو شەڕەدا پێنج کەس برینداربوون؛ سیانیان گەیێندراونەتە شاری سلێمانی."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە شەڕەکەدا چەک و چەقۆ بەکارهێندراوە و دوو لەو کەسانەی برینداربوون لە نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت لە قەزای سەیدسادق چارەسەریان بۆ کراوە.