فەرمانی گرتن بۆ ئەو کەسە دەرچوو لە سلێمانی هێماکانی هاتووچۆی شکاند


رووداو دیجیتاڵ

گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە تێیدا کەسێک لەسەر شەقامی سەرەکیی تاسڵوجە-چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە 'خاکەناس' هێمایەکی ترافیکی پەڕینەوەی پیادە دەشکێنێت. پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە.
 
رووداوەکە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەڕەکی کەنەکەوە روویدا. بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کەسە تۆمار کردووە. بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی (477)ـی یاسای سزادانی عێراقی، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارەکە دەرچوو.
 
ئاری لەتیف، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا تۆمەتباری رووداوەکە دەستگیر نەکراوە، بۆیە نازانرێت باری دەروونیی تەواوە یان نا."
 
سەرچاوەیەک لە هاتووچۆی سلێمانیش ئاماژەی بەوە کرد، زیان بە موڵکی گشتی گەیێندراوە و بابەتەکە تاوانە. دوای دەستگیرکردنی، "ئەگەر کەسەکە باری دەروونیی تەواو بێت، دادگایی دەکرێت و سزا دەدرێت، ئەگەریش تەواو نەبێت، رەوانەی لیژنەی پزیشکی دەکرێت."

 

 
 
سزای یاسایی بۆ زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی چییە؟
 
بەپێی ماددەی 477ی یاسای سزادانی عێراقی، هەر کەسێک زیان بە موڵکی گشتی یان تایبەت بگەیێنێت، سزای بەندکردنی بۆ ماوەیەک کە لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت و پێبژاردن، یان یەکێک لەو دوو سزایە، دەدرێت.
 
هەروەها سزاکە قورستر دەبێت ئەگەر تاوانەکە ببێتە هۆی پەککەوتنی دامەزراوەیەکی گشتی یان خستنە مەترسیی ژیانی خەڵک، کە لەم حاڵەتەدا شکاندنی هێمای هاتووچۆ دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە.