مەسرور بارزانی: سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی مووچە نابێت تێکەڵی بابەتەکانی دیکە بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی وەڵامی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ناردنی مووچە پێش جەژن بە رووداوی راگەیاند، "گوتی مووچە نابێت تێکەڵی بابەتەکانی دیکە بکرێت".
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، "بابەتی مووچە نابێت تێکەڵی بابەتەکانی دیکە بکرێ و حاڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش وەکو مووچەخۆرانی عێراقە".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی پەرلەمان "ئەرێنی" بوون.
مەسرور بارزانی بە رووداوی گوت، "لەسەر کۆمەڵێک بابەت کە پەیوەستن بە حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و تێگەیشتنی باش لەوبارەیەوە هەیە".
ئەمڕۆ شەممە، مەسرور بارزانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مەسرور بارزانی "جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور و رێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان کردەوە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەت، "سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی مەسرور بارزانی دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە: ئێمە هەموومان هاوبەشین لەم وڵاتەدا و ئامانجمان چارەسەرکردنی کێشەکان، گەیشتن بە رێککەوتن و خزمەتکردنی هەموو هاووڵاتییان و پێکهاتەکانە بێ جیاوازی."