ئاسایشی هەرێمی کوردستان 3 بازرگانی بیانیی هۆشبەری دەستگیرکرد
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی سێ بازرگانی مادەی هۆشبەر و دەستبەسەرداگرتنی 12 کیلۆگرام ماریوانای راگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی سلێمانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی هەولێر و حکومەتی فیدراڵ، لە دوو چالاکیی جیادا توانییان دەست بەسەر 12 کیلۆگرام ماریوانادا بگرن و سێ بازرگانی بیانی لە سنووری سلێمانی دەستگیر بکەن.
بەپێی راگەیێندراوێکی ئاسایش، چالاکیی یەکەم لە رۆژی 21-05-2026 ئەنجامدراوە؛ دوای بەدواداچوونی ورد، تۆمەتبارێکی بیانی لە سلێمانی دەستگیرکرا کە 5.2 کیلۆگرام ماریوانای پێبووە.
لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دەرکەوتووە کە تۆمەتبارەکە 5.5 کیلۆگرام ماریوانای دیکەی لە ماڵەکەی خۆی لە شارۆچکەی حاجی ئۆمەران شاردووەتەوە، دواتر بە هاوئاهەنگیی ئاسایشی هەولێر دەست بەسەر ئەو بڕە ماددەیەدا گیراوە.
هەر لە هەمان رۆژدا، لە چالاکییەکی دیکەدا ئاسایشی سلێمانی و بازگەکان توانییان دوو تۆمەتباری دیکەی بیانی لە سنووری سلێمانی دەستگیر بکەن کە 1.3 کیلۆگرام ماریوانایان پێبووە.
ئێستا تۆمەتباران بەپێی مادەی 25 لە یاسای مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.