گۆڕانکاری لە 22 پۆستی پۆلیسی پارێزگای هەولێر کرا

رووداو - هەولێر

گۆڕانکاری لە 22 پۆستی پۆلیسی پارێزگای هەولێر کرا، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت ئەگەر پێویست بکات لە پارێزگاکانی دیکەشدا گۆڕانکاری دەکەین.

لیوا بەختیار بابان، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "ئەمڕۆ بڕیاری گۆڕانکاری لە 22 پۆستی پۆلیسی پارێزگای هەولێردا کرا و لە ماوەی دوو رۆژدا دەست بە ئاڵوگۆڕی پۆستەکان دەکرێت".

سەبارەت بە هۆکاری گۆڕانکارییەکانیش، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێمە پێشتریش بەپێی پێویستی گۆڕانکاریمان لە پۆستەکاندا کردووە و لە داهاتووشدا ئەگەر پێویست بوو بەردەوام دەبین لە گۆڕانکارییەکان،  رەنگە لە پارێزگاکانی دیکەش گۆڕانکاری بکەین".

لیوا بەختیار بابان هەروەها گوتی: "ئەم گۆڕانکارییانەی ئێستا کراون، هیچ پەیوەندیییەکی بە کابینەکانەوە نییە، هەروەها پەیوەندیشی بە دۆخی سیاسی و ململانێی حیزبیشەوە نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی یاسایی و کارگێڕییە، رەچاوی توانا و شارەزاییشمان کردووە".

ئەو 22 گۆڕانکارییەی کراون:

-  عەمید بەختیار عەزیز ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوانی هەولێر، گواسترایەوە سەر میلاکی دەستەی پشکنینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.

- عەمید هەندرێن خەسرۆ عەبدولحەمید، بە بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوانی هەولێر دەستنیشانکرا.

- عەمید نبیل سەباح محەممەد، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی ناوشار (رۆژهەڵات)، گواسترایەوە سەر  میلاکی بەڕێوبەرایەتی گشتیی هاتووچۆ.

- مقەدەم رێبوار عەبدولڕەحمان محەممەد، بە بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی ناوشار (رۆژهەڵات) دەستنیشانکرا.

- عەمید فەرمان فازڵ هادی، بە بەڕێوەبەری  پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەولێر دەستنیشانکرا.

-  عەقید عیزەدین نەجمەدین محەممەد، بە بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی ناوشار (رۆژئاوا)ی هەولێر دەستنیشانکرا.

- عەقید فەخرەدین نووری مەولوود، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی عەنکاوە، گواسترایەوە سەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر.

- موقەدەم سامی ئەبوبەکر محەممەد، بە بەڕێوەبەری پۆلیسی عەنکاوە دەستنیشانکرا.

- موقەدەم هێرش خالید نوعمان، بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی هەولێر، گواسترایەوە سەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەولێر.

- موقەدەم ئاژەر نوورەدین هەرکی، بە بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی هەولێر دەستنیشانکرا.

-  عەقید سامان عەبدوڵڵا خدر، لە بەڕێوەبەرایەتی بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی هەولێر گواسترایەوە سەر میلاکی پۆلیسی پاسەوانی هەولێر.

- موقەدەم کاروان مامەند ئیبراهیم، لە بەڕێوەبەرایەتی بەشی پۆلیسی دەشتی هەولێر گواسترایەوە سەر میلاکی بەرگریی شارستانی هەولێر.

-  موقەدەم دلێر خالید سەعید، بە بەڕێوەبەری پۆلیسی دەشتی هەولێر دەستنیشانکرا.

- عەقید ئوسامه سدیق عەلی، لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر گواسترایەوە سەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتی بەشی پۆلیسی ئامێرسازیی هەولێر.

- عەقید تارق عەبدولڕەحمان عەباس، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی مەشق و شیاندن گواسترایەوە سەر میلاکی دەستەی پشکنینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.

- عەقید کاکل حەمەدەمین محەممەد لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر، بە بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی مەشق و شیاندن دەستنیشانکرا.

- موقەدەم سۆران مەحموود برایم، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی شارەوانیی پارێزگای هەولێر گواسترایەوە سەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی هەولێر.

- موقەدەم بارزان سەلیم قادر، بە بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەوانیی هەولێر دەستنیشانکرا.

- عەمید جەمیل حەمەدەمین سلێمان، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی پۆلیسی هەولێر گواسترایەوە سەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم بێ پایە.

- رائید بەیار سیامەند حەسەن، بە بەڕێوەبەری بەشی یاسایی پۆلیسی هەولێر دەستنیشانکرا.

- رائید ئەحمەد سەردار محەممەد، لە بەڕێوەبەری گشتی رەگەزنامەی هەرێم، وەک بەڕێوەبەری بەشی کارگێڕی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستنیشانکرا.

- رائید حەسەن ئیحسان حەسەن، بە بەڕێوەبەری بەشی ژمێریاری پۆلیسی هەولێر دەستنیشانکرا.