ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر: پاڵاوگەیەک دەکەوێتە کار و نرخی بەنزین دادەبەزێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە ژمارەیەک لە بەنزینخانەکانی هەولێر بەنزین بە نرخی 800 دینار و لە هەندێکیشیان بە 690 دینار دابەشدەکرێت، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی سووتەمەنیی هەولێرەوە پشکنینیان بۆ دەکرێت، بەو هۆیەشەوە نرخی بەنزین تاڕاددەیەک جێگیر بووە. سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێریش دەڵێت، "پشت بە خوا" هەفتەی داهاتوو نرخی بەنزین دادەبەزێت.
 
ماوەی چەند رۆژێکە نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان جێگیرە. نرخی هەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ 1200 دینارە، بەنزینی موحەسەن لەنێوان 1350 بۆ 1390 دینارە و بەنزینی سووپەریش لەنێوان 1450 بۆ 1490 دینارە.
 
سیروان عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر قسەی بۆ فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداو کرد و گوتی، "بەهۆی دابەشکردنی ئەو بەنزینەی بە 690 دینار و 800 دینار دەدرێتە شۆفێران، نرخی بەنزین جێگیر بووە، لە چەند رۆژی داهاتووشدا پاڵاوگەیەکی نوێ دەکەوێتەکار بەناوی لاناز و بەنزینەکەی بەسەر بەنزینخانەکانی شار و شارۆچکەکان دابەشدەکرێت."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، پاڵاوگەی لاناز توانای ئەوەی هەیە رۆژانە دوو ملیۆن لیتر بەنزین بخاتە بازاڕەوە، "ئەگەر ئەوەش رووبدات، ئەوا نرخی بەنزین بۆ خوار هەزار دینار دادەبەزێت."
 
هەرچەندە ئەو بەنزینەی لە بەنزینخانەکانی هەولێر دابەشدەکرێت و دەفرۆشرێت، دەبێت پشکنینی بۆ بکرێت، بەڵام هەر بەنزینخانەیەک کوالێتیی جیاوازی هەیە و بەشێک لە شۆفێرانیش گلەییان لە کوالێتیی بەنزینەکە هەیە. سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر دەڵێت، "کوالێتیی ئەو بەنزینەی لاناز دەیخاتە بازاڕەوە زۆر بەرزە."
 
ئەو بەنزینەی کە پشکنینی بۆ ناکرێت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی سووتەمەنیی هەولێرەوە، لە بازاڕی بۆرسەی هەولێر پشکنینی سەرەتایی بۆ دەکرێت و دەڵێن، ئۆکتانەکەی سەروو 90ـە.
 
لەبارەی چاودێرییش لەسەر بەنزینخانەکان بۆئەوەی بەنزینی کوالێتی نزم نەدەنە شۆفێران، سیروان عەبدوڵڵا گوتی، "لە رۆژانی رابردوودا بەنزین زۆر کەم بوو، بەنزینخانەکان بە ناچاری ئەو بەنزینە کوالێتیی نزمەیان کڕی، بەڵام ئێستا چاودێرییەکی چڕ لەسەر بەنزینخانەکان هەیە و هەر بەنزینخانەیەک کوالێتییەکەی خراپ بێت، تووشی لێپێچینەوە دەبێت."
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رێگە بەو بازرگان و کۆمپانیایانە دەدات بەنزین هاوردە بکەن، بەڵام کوالێتیی باش بێت. سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر گوتی، "حکومەت هیچ باجێکی لەسەر هاوردەکردنی بەنزین نەهێشتووە، بەڵام لەبەرئەوەی نرخی سووتەمەنی بەرزبووەتەوە، بازرگانان ناتوانن بە شێوەیەکی رێکوپێک بەنزین هاوردە بکەن، چونکە لەو نرخەی لێرە هەیە زیاتر لەسەریان دەبێت."