کەسوکاری ئەنفالکراوان 16 ساڵە چاوەڕێی قەرەبووکردنەوەن

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی 24ـی ئەم مانگە 16 ساڵ بەسەر بەجینۆسایدناساندنی تاوانی ئەنفال، لەلایەن دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراقەوە تێدەپەڕێت. پارێزەرێکی دۆسییەکەش دەڵێت: "بەپێی بڕیاری دادگەکە دەبووایە قوربانیانی ئەو تاوانە قەرەبوو بکرێنەوە، بەڵام تائێستا ئەوە نەکراوە، لەکاتێکدا قوربانیانی سەرجەم تاوانەکانی دیکە قەرەبوو کراونەتەوە." 
 
رۆژی پێنجشەممە، 22-6-2023، ئەیاد کاکەیی، پارێزەری دۆسیەی ئەنفال لە دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق، لەبارەی تێپەڕبوونی 16 ساڵ بەسەر بڕیاری بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی ئەنفال لەلایەن دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەرچەندە لە بڕیارەکەدا دان بە جینۆسایدناساندنی تاوانی ئەنفال نراوە، بڕیاری قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی تاوانەکەش ناوە، بەڵام تائێستا هیچ کوردێک قەرەبوو نەکراوەتەوە."
 
ئەیاد کاکەیی گوتیشی: "بەداخەوە ئەمساڵیش ئەوەمان بینی کە لە یاسای بودجەدا بە یەک وشەش باسی قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی تاوانی ئەنفال نەکراوە کە دەبوو حکومەتی عێراق لە رابردوودا بیکات و ئەرکی یاسایی خۆی جێبەجێ بکات، بەڵام نەیکردووە."
 
لەدوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن لە ساڵی 2003، یاسای دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق ژمارە 10ـی ساڵی  2005 پەسندکرا کە بەپێی ئەو یاسایە هەرکەسێک تاوانەکانی جینۆساید، تاوانی دژەمرۆڤایەتی، تاوانەکانی جەنگ و پێشێلکردنی یاساکانی عێراقی کە لەو یاسایەدا هاتووە لە دوای رۆژی 17-7-1968ـەوە ئەنجامدابێت، دادگایی دەکرێت.
 
دادگایی تایبەت بە دۆسیەی ئەنفال لە 21ـی ئابی 2006  دەستپێکرد، دوایین دانیشتنیش لە رۆژی 24ـی مانگی حوزەیرانی 2007 بوو، لەو ماوەیەدا 61 دانیشتن کرا، سزا بۆ حەوت لە سەرانی رژێمی بەعس دەرچوو و تاوانەکە بە دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و جینۆساید ناسێنرا و بڕیاری قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی ئەو تاوانە درا.
 
لەو تاوانە هەریەک لە سەدام حوسێن، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق، عەلی حەسەن مەجید، هاشم سوڵتان ئەحمەد، عەلی حوسێن رەشید، سابیر دووری، فەرحان موتلەگ جبووری و تاهیر ئەلعانی سزادران، داواکاری گشتی دادگەکە مونقیز ئال فیرعەون لە دادگاییکردنەکەدا ئەو کەسانەی بە تاوانی کوشتنی 182 هەزار کەس لە پڕۆسەی ئەنفال تاوانبار کرد و چەندین بەڵگەنامە و وێنەی خستەڕوو.
 
رۆژی 12ی شوباتی 1988 تاوانی ئەنفال لەلایەن رژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی سەدام حوسێن دژی کورد دەستیپێکرد، ئەو تاوانە بەھەشت قۆناخی یەک لە دوای یەک لە 22ـی شوباتی 1988ـەوە دەستیپێکرد و تاوەکو 6ـی ئەیلوولی 1988 بەردەوام بوو؛ قۆناخی سێی ئەنفال کە رۆژی 14-4ـی 1988بوو، بەهۆی ئەوەی زۆرترین قوربانیی هەبوو گەورەترین کۆمەڵکوژییە بە بەراورد بە قۆناخەکانی دیکە، بۆیە بە رۆژی ئەنفال دیاریکراوە.