حاجییەکی دیکەی سنووری سۆران لە مەککە گیانی لەدەستدا
رووداو - سۆران
دوای چەند رۆژێک لەوەی جەڵتە لێی دەدات، حاجی ئومێد دەرگەڵەیی کە خەڵکی سنووری سۆرانە، لە نەخۆشخانەیەکی مەککە گیانی لەدەستدا و بڕیارە هەر لەوێش بەخاک بسپێردرێت.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، حاجی ئومێد دەرگەڵەیی لە چەند رۆژی رابردوودا و لەکاتی بەجێهێنانی فەریزەی حەج، جەڵتە لێیداوە، چەند رۆژێکیش بوو لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی مەککە لەژێر چاودێریی چڕدا بوو.
ئامۆزایەکی ئەو حاجییەی سنووری سۆران بە رووداوی راگەیاند، ئەمشەو کاژێر 00:00 بۆ 01:00 تەندروستیی حاجی ئومێد "زۆر خراپ بووە" و کاژێر 02:00 گیانی لەدەستداوە.
حاجی ئومێد موشیر، خەڵکی گوندی دەرگەڵەی قەزای رواندز بوو، لەکاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج جەڵتە لێی داوە و هەردوو گورچیلەکانی لەکارکەوتوون. لەسەر داوای خۆیشی هەر لە مەککە بەخاک دەسپێردرێت.
جێگر دۆڵانی کە خەڵکی سۆرانە و چووەتە مەککە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج، بە رووداوی گوت، لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی مینا ئێستا دوو حاجیی دیکەی کوردستان لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدان و "دۆخی تەندروستییان باش نییە، کە یەکێکیان خەڵکی سۆرانە و دانیشتووی هەولێرە."
ئەمە چوارەم حاجیی سنووری سۆرانە کە لە وەرزی حەجی ئەم ساڵدا لە مەککە گیان لەدەست بدەن. پێشتر سێ حاجیی دیکەی سنووری سۆران لە مەککە لەکاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج گیانیان لەدەستداوە.