سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی تورکیا دەکات بۆ ئاسانکاریکردن لە گەڕانەوەی گەشتیاران


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر کرد و سوپاسی هەوڵەکانی ئەو وڵاتەی کرد بۆ گەڕانەوەی گەشتیاران.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەرمان تۆپچو، کۆنسووڵی گشتیی تورکیا، باسیان لە په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست و مه‌ترسى و لێكه‌وته‌كانى کرد. 
 
هه‌روه‌ها جووڵه‌ى هاتووچۆيان له‌ سنووره‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و توركيا دواى داخرانى فڕۆكه‌خانه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كرد.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نێچيرڤان بارزانى سوپاسى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى توركياى كرد بۆ ئه‌و ئاسانكارييه‌ى بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى گه‌شتياران و هاووڵاتييانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌ خاڵه‌ سنوورييه‌كان پێشكێشى ده‌كه‌ن.‌ به‌تايبه‌تى ستايشى رۆڵى كۆنسووڵى گشتيى توركياى له‌ هه‌رێمى كوردستان و تيمه‌كه‌ى كرد.
 
كۆنسووڵى توركيا، ئاماده‌يی لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى وڵاتەکەی بۆ پێشكێشكردنى هه‌موو ئاسانكارييه‌ک بۆ گه‌شتياران و هاووڵاتييان و سه‌ردانيكه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌ خاڵه‌ سنوورييه‌كان دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ستايشى ده‌زگا و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانى له‌ خاڵه‌ سنوورييه‌كان كرد كه‌ ته‌واوى ئاماده‌كارييان بۆ ئه‌و دۆخه‌ كردووه‌.
 
له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌دا، باسیان لە چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش کرد.