سەرچاوە سرووشتییەکانی لوڕستان: هەموو ئاگرکەوتنەوەکانی پارێزگاکە بە دەستی ئەنقەست بووە


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، ئاگرکەوتنەوەکانی لەوەڕگە و دارستانەکانی ئەو پارێزگایە، هەموویان بە ئەنقەستن و تائێستاش شەش کەس بە تۆمەتی سووتاندنیان دەستگیرکراون و لە دادگە دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە.
 
بێهروز دریکوەند، بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای لوڕستان، رۆژی 23-07-2023 رایگەیاند، لە دوو مانگی رابردوودا (دوایین مانگی بەهار و یەکەم مانگی هاوین) 70 جار دارستان و لەوەڕگەکانی ئەو پارێزگایە ئاگریان گرتووە و بەم هۆیەوە زیاتر لە 600 هێکتار دارستان و لەوەڕگە سووتاون.
 
بەگوتەی بێهروز دریکوەند، گەورەترین ئاگرکەوتنەوە لە ناوچەی چگنی بوو کە 138 هێکتار دارستان و لەوەڕگە سووتاوە. 
 
لە پارێزگای لوڕستان رووبەرێکی زۆری پەرێز و کشتوکاڵیش سووتاوە. سووتاندنی پەرێزەکان زۆر جار بووەتە هۆی تەشەنەسەندنی ئاگر بۆ لەوەڕگە و دارستانەکان.
 
بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای لوڕستان، ناوچەکانی چگنی، کویەشت، پۆل دوختەر، باشووری خوڕماوە و بەشێک لە ناوچەی رومشکانی وەکو ناوچەی قەیران دەستنیشان کردووە، کە زۆرترین مەترسیی سووتانیان لەسەرە.
 
بۆ رێگریی ئاگرکەوتنەوە لەو ناوچانەدا، بەپێی راپۆرتی سەرچاوە سرووشتییەکان، دوو هەزار و 500 کیلۆمەتر هێڵی ئاگربڕ لێدراوە و راهێنان بە چالاکڤانانی ژینگە کراوە.
 
بێهروز ریکوەند دەڵێت، "80 ئامێری ئاگربڕ و کەلوپەلی تایبەتی کوژاندنەوەی ئاگر دابینکراوە، 550 لایەنگری ژینگە و 450 فەرمانبەری سەرچاوە سرووشتییەکان راهێنانیان پێکراوە."