مستەفا هیجری سەبارەت بە پیرۆزبایی نەکردنی پارتی و یەکێتی لە یەکگرتنەوەی دیموکرات: ئەوەم پێ هەڵوێستێکی دروست نییە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حدکا رایدەگەیێنێت، یەکگرتنەوەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستان بە سازان بووە و دەبێت لە ماوەی ساڵێکدا کۆنگرە ببەسترێت و ئۆرگانەکانی هەردوو حیزب یەکبگرنەوە. هەروەها دەشڵێت، لەبارەی بوونی پێشمەرگەکانیان لەسەر سنوور گوشاریان لەسەرە و ئەوان "رەچاوی بەرژەوەندییەکانی" هەرێمی کوردستان دەکەن.
مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوو لە تۆڕی میدیایی رووداو، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات.
رۆژی یەکشەممە 21-08-2022 هەردوو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی یەکیان گرتەوە و وەک یەک حیزب بە ناوی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کار دەکەن.
لەبارەی رێککەوتنەکەی نێوانیان و بەستنی کۆنگرە، مستەفا هیجری دەڵێت، بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان هەردوو حیزبدا کراوە دەبێت تاوەکو ساڵی داهاتوو کۆنگرە ببەستن و دەسەڵاتەکانی نێو حیزب بە سازان دابەشکراوە.
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوانیان، تاوەکو بەستنی کۆنگرە کۆمیتەیەکی 12 کەسی حیزب بەڕێوەدەبات. بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران گوتی، پێش کۆنگرە هەموو ئۆرگانەکانی حیزب یەکدەخرێنەوە و ئێستا لە قۆناخی تێکەڵکردنەوەی ئۆرگانەکانی حیزبدان.
مستەفا هیجری نیگەرانی لەوە دەردەبڕێت کە تاوەکو ئێستا پارتی و یەکێتی بە فەرمیی پیرۆزبایی یەکگرتنەوەیان لێنەکردوون.
لەبارەی بەردەوامی خەباتی چەکداریی حیزبی دیموکرات، مستەفا هیجری ئاماژەی بەوە کرد، پێشمەرگە هەموو کاتێک ئامادەیە، بەڵام ئێستا پێشمەرگە نانێرنەوە نێوخۆی ئێران.
لەبارەی ئەگەری وەڵامدانەوەی ئێران بۆ یەکگرتنەوەی هەردوو حیزبی دیموکرات، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران باسی لەوە کرد، "ئێران لە رابردوودا هەموو هەنگاوێکی لە دژی ئێمە گرتووەتەبەر و خۆمان بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەکردووە."
لەبارەی بوونی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران، مستەفا هیجری دەڵێت: گوشارمان لەسەرە لەبارەی بوونی پێشمەرگەکانمان لەسەر سنوور.
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران باس لە رەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "رەچاوی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین."
مستەفا هیجری باسی لەوەش کرد: "گوشارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهانەیە، ئێمەش نەبین هەر گوشار دەکات و حیزبی دیموکرات ئامادەی گفتوگۆ و دانوستاندنە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران:
رووداو: کەی کۆنگرە دەبەستن؟
مستەفا هیجری: ئێمە رێککەوتووین دوای یەکگرتنەوەکەمان کە بەشێوەی فەرمی دوو رۆژ پێش ئێستا بوو (21-08-2022)، ئەوپەڕی تاوەکو ساڵێک کۆنگرە دەبەستین.
رووداو: کاتی ئەوە هاتووە لە کۆنگرە ئامانج و دروشمی حیزب بگۆڕن؟
مستەفا هیجری: نا، گومان ناکەم دروشم و ئامانجەکانمان بگۆڕدرێن. چونکە تاوەکو ئێستا کێشەیەکمان لە پرسیارێکی ئەوتۆ لەسەر سیاسەت و بەرنامەکانمان لە حیزبدا نییە.
رووداو: تاوەکو بەستنی کۆنگرە، کۆمیتەیەکی 12 کەسی کاروبارەکان بەڕێوەدەبەن. بەڵام ئەندامانی دیکەی کۆمیتەی ناوەندی و سەرکردایەتی هەردوولا کە زیاتر لە 50 کەس دەبن، کاریان چی دەبێت؟
مستەفا هیجری: ئەوانە بەشێکی هەرە زۆریان لە ئۆرگانەکانی حیزبیدا کاریان هەیە و بە کارەکانی خۆیان سەرقاڵن. ئێمە لەو نێوانەدا هەندێک گرووپمان دروستکردووە بۆ تێکەڵکردنەوەی ئۆرگانەکان، پێڕاگەیشتن بە نووسینەوەی ئاییننامەکان و شێوەی هەڵسوکەوتی تازە لەنێو ئۆرگانەکانی حیزبی. چونکە ئێستا ئێمە ماوەی 16 ساڵ ئەو دوو لایەنە بە جیاواز کارمان کردووە ئاییننامەی جیاوازمان هەبووە، ئێستا دەبێت هەموو ئەوانە رێکبخەینەوە. ئەوانەی کە دەشمێننەوە لەو گرووپانە کاردەکەن.
رووداو: هەموو ئەمان پێش کۆنگرە دەکرێت؟
مستەفا هیجری: بەڵێ، هەمووی پێش کۆنگرە دەکرێت.
رووداو: کەواتە کە دەچنە کۆنگرەوە هەموو ئۆرگانەکانتان یەکخستوونەتەوە؟
مستەفا هیجری: بەڵێ، لە ماوەی ئەو یەک ساڵە ئەو رێبەرایەتیە کاتییەی پێکهێندراوە، دوو کاری سەرەکی هەیە. یەکەمیان رێکخستنەوەی ئۆرگانەکان، نووسینەوەی ئاییننامە و ئامادەکاری بۆ پێکهێنانی کۆنگرە.
رووداو: پەیکەربەندی حیزب چۆن دەبێت؟ گفتوگۆ لەوبارەیەوە کراوە؟ دەگەڕێنەوە بۆ بنەمای کۆنگرەی 13 یان بۆ کۆنگرەی 16.. مەبەست لێرە دەسەڵاتەکانە، سکرتێری گشتی دەمێنێت یان دەبێت بە سەرۆک؟ هەروەها ئەو دەسەڵاتانە لەنێوان کۆمیتەی ناوەندی و سکرتێری گشتیدا چۆن دابەش دەکرێت؟
مستەفا هیجری: راستیەکەی ئێمە کارێکمان کردووە لە رێککەوتنەکانماندا کە ئەو خاڵە جێگیرانەی لەشێوەی بەڕێوەبردنی حیزبی دیموکراتی کوردستاندا هەبووە و ئەوانەشی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا هەبووە، ئەو گرووپانەی کە باسم لێوە کرد، دادەنیشین سەر لەنوێ ئەوان رێکدەخەنەوە. کۆمەڵێک لەو خاڵانە کە لە هەردوولادا هەیە، ئەوانە دەکەنە بەرنامەی کار بۆ ئەوەی حیزب لەوە بەدوا بەپێی ئەو بەرنامانە و ئەو خاڵانە بەڕێوەبچێت.
رووداو: کەواتە هێشتا لەسەر بابەتی دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی حیزب لەنێوان سکرتێر و کۆمیتەی ناوەندی گفتوگۆ ماوە؟
مستەفا هیجری: نەخێر، لەسەر هەموو ئەوانە رێککەوتن کراوە.
رووداو: رێککەوتنەکە چۆنە؟ دەسەڵاتەکە لای سکرتێر دەبێت، یان کۆمیتەی ناوەندیش دەسەڵاتی دەبێت بەسەر سکرتێر؟
مستەفا هیجری: نا، ئسوڵەن لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا سکرتێر یان کەسی یەکەم جا هەر ناوێکی هەبێت، لە واقیعدا بەڕێوەبەری بڕیارەکان کۆمیتەی ناوەندییە. بۆخۆشی ئەندامێکە لە ئەندامەکانی کۆمیتەی ناوەندی، سەرجەمیان پێکەوە لە دیاریکردنی بەرنامەکان، یاساکان، سیاسەتگوزارییەکان و کارە رێکخستنەکان پێکەوە تاوتوێی دەکەن و دەگەنە بڕیاری کۆتایی بە زۆرینە. ئەو بڕیارە هەموو دەبێت بەڕێوەی ببەن، کەسی یەکەم بەشێکە لەوان دەبێت بەڕێوەی بەرێت. جگە لەوە بەرپرسیاریێتی هەیە لەوەی چاودێری بەسەر چۆنییەتی بەڕێوەچوونی باشی ئەو بڕیارانە بکات.
رووداو: پۆستەکە هەر بەناوی سکرتێری گشتی دەمێنێت؟
مستەفا هیجری: بەڵێ دەبێتە سکرتێری گشتی.
رووداو: بەڵام ئەو سکرتێرە گشتییە دەسەڵاتی رەهای نابێت..
مستەفا هیجری: نا، لە حیزبی دیموکراتدا هیچ کات ئەمە نەبووە.
رووداو: لەسەر کۆنگرە رێککەوتوون، پۆستەکانیش تا رادەیەک بە هاوسەنگی لەنێوان هەردوولادا دابەشدەکرێن. ئایا ئەمە بۆخۆی پێچەوانەی دیموکراسی و کۆنگرە نییە کە پێشتر رێککەوتنی لەسەر بکەی و پۆستەکان دابەش بکەی؟
مستەفا هیجری: لەلایەکەوە دەبێت بڵێم بەڵێ، چونکە پێچەوانەیە لەگەڵ دیموکراسی. بەڵام ئەگەر وردبینەوە هەرکام لە دوو حیزبە کە ئێستا یەکیان گرتووەتەوە، ئەو بەرنامەیەی کە دایانناوە و ئەو بڕیارانەی کە کۆنگرە داویەتی، بۆ خودی ئەو حیزبەی داوە.
ئێستا ئێمە دوو حیزبین، بۆ ئەوەی بتوانین یەکبگرینەوە دەبێت رێکبکەوین، ئەو رێککەوتنەی کە دەیکەین رەنگە بەشێکی پێچەوانەی ئەو بڕیارانە بێت کە ئێمە وەک حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆنگرە داومانە هەروەها بۆ لایەنەکەی دیکەش هەر وایە. بۆیە ئەو قۆناخەی کە ئێمە ئێستا کاری لەسەر دەکەین، لە واقیعدا قۆناخێکی راگوزەرە بۆ ئەوەی حیزب یەکبگرێتەوە کە یەکی گرتەوە، ئەو دەمە کۆنگرەی ئاسایی بەپێی بڕیارێک کە خودی کۆنگرە دەیدا.
رووداو: لە یەکخستنەوەی ئۆرگانەکاندا سەرەتا لە چییەوە دەستپێدەکەن؟ قۆناخەکان چۆن دابەشکراون؟
مستەفا هیجری: ئێمە ئێستا لەو قۆناخەداین کە ئۆرگانەکان تێکەڵ بکەینەوە، هەندێک ئۆرگان هەیە کارەکانیان ئەولەویەتی هەیە.. بۆ نموونە راگەیاندن یەکێک لەوانەیە کە دەبێت زۆر زوو ببێتەوە یەک، چونکە راگەیاندنی حیزب دەبێت یەک سیاسەتی هەبێت، ئەمەش هەر لە دوێنێوە دەستیپێکراوە. دوای ئەو ئۆرگانەکانی دیکە بەپێی ئەولەویەت کە پێشیانە یەک یەک ئەمانە رێکدەخرێنەوە، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە راوەستن تا ئۆرگانێک تەواو دەبێت بچینە سەر ئۆرگانێکی دیکە، بەڵکو گرووپ دروست دەکەین لەسەر ئەوەش رێککەوتن کراوە بۆ ئەوەی ئەو ئۆرگانانەی هاوتەریب پێکەوە رێکبخرێنەوە بۆ ئەوەی کاتمان زۆر نەگرن.
رووداو: ئەی فەرماندەیی پێشمەرگە؟
مستەفا هیجری: فەرماندەیی پێشمەرگەش وەکو ئۆرگانەکانی دیکەیە، کە یەکێکە لە ئۆرگانەکانی حیزب. ئەو ئاییننامەیەی کە حیزبی دیموکراتی کوردستان هەیەتی لەگەڵ ئەوەی ئێمە تێکەڵ بەیەک دەکرێت و خاڵە بەهێزەکانی کە ئێستا پێویستن دەردەهێندرێن و دەبێتە ئاییننامەیەکی تازە.
رووداو: رێککەوتنیشتان هەیە لەسەر شێواز یان ناوەرۆکی کاری پێشمەرگایەتی ئێستا. بابەتی هەبوون لەسەر سنوور، یان چالاکیی سەربازی، ئەوەش یەکلاکراوەتەوە؟
مستەفا هیجری: ئەوەی تاوەکو ئێستا ئێمە لە کاروباری پێشمەرگەدا کردوومانە، هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەدا نایەت. بەڵام ئەمە بەستراوەتەوە بە ئاڵوگۆڕی ناوچەکە و سیاسی ناوچەکە، بەوانەوە بەستراوەتەوە. کاروباری پێشمەرگایەتیش وەکو یەکێک لە ئۆرگانەکان شوێنکەوتەی دۆخی سیاسی حیزبە.
رووداو: لە ساڵانی رابردوودا بەو پێیەی دوو حیزبی جیاواز بوون، بە هەر رێکارێکی حیزبی و رێکخستن بێت کۆمەڵێک ئەندام و کەس هەبوونە دوورخراونەتەوە کە تێبینی لەسەر بووە و لە پەیڕەو لایداوە، هەندێک لەو ئەندامانەش چوونەتە نێو لایەنەکەی دیکە. چارەنووسی ئەو کەسانە چی دەبێت؟
مستەفا هیجری: هەر ئەندامێک بە هەر هۆیەک بێت لەلایەکەوە چووبێتە لایەکەی دیکە و قبووڵکرابێت، ئێستا قبووڵکراوە وەکو ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران. بەپێی بڕیارەکان و ئاییننامەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەبێت کار و رەفتار بکات، ئەگەر سەرپێچی بکات ئەوکات بڕیاری لەسەر دەدرێت.
رووداو: راسان چی لێ بەسەر دێت؟
مستەفا هیجری: راسان بەرنامەیەکی فرە رەهەندی حیزبییە کە لە واقیعدا پێشی یەکگرتنەوەش ئەو هاوڕێیانەی دیکەمان باوەڕیان پێی بوو. راستیەکەی ئێمە کار و بەرنامەکانمان کە تەنیا یەک رەهەند یان دوو رەهەند قەتیس نەکردووەتەوە. بەپێی دۆخی سیاسیمان و جوگرافیمان لە هەر شێوەیەکی خەبات بۆمان بکرێت، درێژە بە خەباتەکەمان دەدەین. بەشێک لەو خەباتەش خەباتی پێشمەرگانەیە کە ئێمە هەردوولامان ئەو بەشەمان هەیە، پێش جیابوونەوەش هەمانبووە، لەکاتی جیابوونەوەش هەمانبووە، ئێستاش هەروەکو خۆی دەمێنێتەوە.
رووداو: دوای کۆنگرەش خەباتی چەکداری بەو شێوەیەی کە ئێستا هەیە، بەردەوام دەبێت؟ پێشمەرگە لەسەر سنوور دەمێنتەوە لەسەر چیا؟
مستەفا هیجری: بەڵێ، تا ئەو کاتەی کە ئێمە خەباتمان لەگەڵ رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە، پێشمەرگەش بەشێکە لە هێزی حیزب و دەمێنێتەوە و بەهێزتر دەکرێت.
رووداو: کەواتە هەردوولا هاوڕان لەسەر کاری پێشمەرگە لەسەر سنوور و چالاکی سەربازیی؟
مستەفا هیجری: ئێمە لەنێوخۆی وڵاتدا چالاکی پێشمەرگەمان هەیە، واتا پێشمەرگە نانێرینەوە. بەڵام پێشمەرگەمان ئامادەیە لە هەر گۆڕانکارییەک و کاتێک بتوانێت ئەرکی خۆی بەو جۆرەی کە حیزب پێی دەسپێرێت جێبەجێی بکات.
رووداو: لە چەند ساڵی رابردوو رەنگە هەندێک جیاوازی بۆچوون هەبووبێت، ئێوە پێشمەرگەی زیاترتان لە ناوەوەی سنوور هەبووبێت یان لە چیا. لەسەر ئەوە کۆکن کە بەو شێوەیە دەمێنێتەوە یان گۆڕانکاریی بەسەردادێت؟
مستەفا هیجری: ئەمە قسەی لەسەر دەکرێت، ئێمە کە هێشتا یەکمان نەگرتبووەوە جاری وا هەبوو زۆرتر لەو شێوەیە لە خەباتی پێشمەرگە کەڵکمان وەردەگرت جاری وا هەبوو کەمتر. بۆ نموونە ئەمساڵ پێشمەرگەمان نەناردووەتەوە نێوخۆی وڵات. بەڵام پەیوەستە بە دۆخەکەوە، لەوبارەوە پێموانییە هیچ کێشەیەک هەبێت.
رووداو: دوای یەکگرتنەوە پێتانوایە کە گوشارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسەرتان زیاد دەکات؟
مستەفا هیجری: پێموایە کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ شتێک نەماوە دژی ئێمە نەیکات، لەوە بەدواش هەر وادەبێت. ئێمەش ئامادەییمان هەیە بەپێی توانای خۆمان لە بەرامبەر پلانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا رابووەستین.
رووداو: بەردەوام هەبووە، بەڵام ئەو یەکگرتنەوەیە رەنگە گڕوتینێکی تازەبێت بۆ ئێوە و جەماوەر و ئەندامەکانتان. حیسابی ئەوەتان کردووە هیچ نەبێت لە رووی ئەمنییەوە ئامادەکاری بکەن پێشبینی کۆمەڵێک هێرشی تازە بکەن بۆسەر خۆتان؟
مستەفا هیجری: پێشبینی هەموو ئەگەرێک لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەکەین، چونکە لە رابردووشدا کۆماری ئیسلامی زۆر جاری وا هەبووە هەڕەشەی کردووە هەڕەشەکانیش خۆشی بە کردەیی کردووە. بۆیە ئێمە لەباری ئەمنی و پێشمەرگەوە ئەو ئامادەییەمان هەیە.
رووداو: لە هەرێمی کوردستانەوە گوشارتان لەسەرە لەبارەی پێشمەرگەکانتان لە شاخ، گوشارەکە ئەوەندە زۆرە کە پێشمەرگەکانتان لە شاخ بێننە خوارەوە؟
مستەفا هیجری: ئەوە وەکو داوایەک هاتووەتە ئاراوە لە ژێر گوشاری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بەڵام ئێمە تاوەکو ئێستا پێشمەرگەمان هەر لە شاخە و پێشمەرگەمان نەهێناوەتە خوارەوە.
رووداو: هەرێمی کوردستان داوای لێکردوون بە تەواوەتی هەبوون و چالاکی پێشمەرگە لەسەر سنوور رابگرن؟
مستەفا هیجری: بەڵێ داوایان کردووە، بەڵام پێشمەرگەکانمان هەر لە سنوور ماونەتەوە.
رووداو: داواکە لە رێگەی حیزبییەوە بووە یان حکومەتەوە بووە؟
مستەفا هیجری: لە رێگەی حکومەتەوە بووە.
رووداو: هیچ هەوڵتانداوە بەرژەوەندی و پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستانیش لەبەرچاو بگرن؟
مستەفا هیجری: بێگومان کاتێک لە باشوورین پێشمەرگەشمان لەسەر خاکی باشوورە لە سنوورەکان، بێگومان دۆخی سیاسی و جوگرافیایی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو دەگرین. زۆرجاریش گوتوومانە بە کردەوەش نیشانمانداوە کە ئێمە ئەم حکومەتە بە حکومەتی خۆمان دەزانین، لە پێشدا حکومەت بەشێکە لە کوردستان، بێجگە لەوە ئێمە بۆ خۆشمان لەو جوگرافیایەدا دەژین و کار و چالاکی دەکەین، بۆیە هەمیشە کارمان کردووە بەشێوەیەکی هاوسەنگ رەفتار بکەین کە نە لە چالاکی تێکۆشان بکەوین، نە دۆخێکی وا بێنینە کایەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران گوشاری زیاتر بخاتە سەر هەرێمی کوردستان. هەرچەند کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی سیاسەت کە دژی کوردە لە هەر جێگایەک بێت، تەنانەت ئەگەر ئێمە لە سنووریش نەمێنین، تەنانەت لە خاکی عێراقیش نەمێنین کۆماری ئیسلامی گوشارەکانی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمناکاتەوە، بەڵکو هەمیشە پاساوی هەیە، بەڵام ئێمە نامانەوێت ئەو پاساوانە بدەین بە دەستیانەوە.
رووداو: واتە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێوە وەکو پاساو بەکاردەهێنێت؟
مستەفا هیجری: پێموابێت ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی گوشار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەهێنێت، لەسەر بوونی ئێمە وەکو ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێرانی بەشێکی زۆری پاساوە پێیان دەگرێت.
رووداو: گوشارەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئێوە لەسەر چالاکییە سەربازییەکانتان وایکردووە کە نەتوانن بە شێوەیەکی ئاسایی جوڵە بکەن و جوڵە و هاتووچۆتان سنوورداربێت، ئەو شتانەی دەتانەوێت لەسەر سنوور بیکەن، نەتوانن بیکەن؟
مستەفا هیجری: تا ئێستا ئەوەمان نەبینیوە.
رووداو: ماوەی دوو رۆژە یەکگرتنەوەکەتان راگەیاندووە، بەڵام ئەوەی من دەیبینم لایەنەکانی باشووری کوردستان حیزبە سیاسییەکان یان بە شەرمنانەوە باسی دەکەن یان بە ساردییەوە پیرۆزبایی دەکەن و ئەو گەرموگوڕییە نابیندرێت. چ پەیامێک لەوە دەخوێننەوە؟
مستەفا هیجری: ئەمە جیا لەوەی کە رەچاوی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن هیچی دیکەی تێدا نابینم، چونکە دەزانم خەڵکی باشوور و رۆژهەڵات وەکو بەشەکانی دیکەی کوردستان یەکگرتنەوە و یەکڕیزی هێزەکانی کورد دڵخۆشن، بەڵام ئەو تێبینییەیان هەیە کوردی باشوور. هەرچەند زۆر لە کەسایەتی سیاسی ئەوانەی لە حیزبەکاندان بە تەلەفۆن و نامە پیرۆزباییان لێکردووین و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕیوە، بەڵام نەبووەتە پیرۆزباییەکی فەرمی لەلایەن حیزبەکانەوە بەناوی حیزبەوە.
رووداو: لەنێو ئەو تەلەفۆنانە سەرکردایەتی گەورەی کوردستانی تێدایە؟
مستەفا هیجری: هی سەرکردایەتیشی تێدایە.
رووداو: هەست بە چی دەکەی کە حیزبەکانی باشووری کوردستان، بە دیاریکراوی پارتی و یەکێتی کە پەیوەندییەی دێرین و مێژووێکی هاوبەشتان هەیە بە فەرمی پیرۆزباییان لێ نەکردوون؟
مستەفا هیجری: لەگەڵ ئەوەی هەست بە پێگەی سیاسی ئەوان دەکەم، ئەو گوشار و گرفتە سیاسییانەی هەیانە هەستی پێدەکەم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەم پێ هەڵوێستێکی دروست نییە، چونکە پیرۆزبایی کردن لە سەرکەوتنێک کە کورد بە دەستی بهێنێت لەوە گەورەترە ئەوەندە رەچاوی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن.
رووداو: واتە رەچاوکردنەکە نابێت بایی ئەوەندەبێت کە پیرۆزباییەکتان لێ نەکەن؟
مستەفا هیجری: بەڵێ.
رووداو: لەو رێککەوتنەی کە کردووتانە، دانوستان لەگەڵ حکومەتی ئێران لەکوێدایە؟ لە هیچ شوێنێکدا باسی ئەوەتان کردووە دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بکەن؟
مستەفا هیجری: نەخێر، ئێمە لەسەر دانوستان لەگەڵ رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو رێککەوتنەدا باسمان لێوە نەکردووە، چونکە هەردوو لامان پێش یەکگرتنەوەش مێژووێکی هاوبەشمان لە پەیوەندی لەگەڵ دانوستان لەگەڵ رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کردووە.
لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە هەمیشە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ئەوە بووە کە کێشەکانی لەگەڵ تاران لە رێگای ئاشتی و دیالۆگەوە چارەسەر بکات. بۆ ئەوەش هەنگاوی گەورەمان هاویشتووە، شەهیدی گەورەی وەکو دکتۆر قاسملۆمان داوە.
رووداو: لەو دۆخەی ئێستا دوای تیرۆرکردنی دوو سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستان، لە هیچ دۆخێکدا ئامادەن دانوستان لەگەڵ ئێران بکەن؟
مستەفا هیجری: ئەگەر بە بڕوایە بگەین کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕاستی گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە داخوازییەکانی کوردی رۆژهەڵات لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکات، بەڵێ لەگەڵی دادەنیشین و وتوێژیشی لەگەڵ دەکەین.
رووداو: ناوەندی هاوکاری لە چوار لایەن پێکهاتبوو، بەڵام دوای یەکگرتنەوەی ئێوە، ئێستا بووە بە سێ لایەن. ئەمە چۆن رێکدەخەنەوە؟ ئەگەر بڕیارێک هەبێت کۆمەڵە زیاترن، ئەوان دوو ئەندامن بەڵام ئێوە بوون بە یەک. لەوێش بڕیار بە سەنگ نییە، بەڵکو بە ئەندامیەتییە.
مستەفا هیجری: ئێمە لە ناوەندی هاوکاری رێککەوتنەکانمان بە زۆرینەیە، لە هەر بڕیارێکدا ئەگەر یەک لایەن رازی نەبێت بڕیارەکە نادرێت.
رووداو: کۆمەڵە پیرۆزبایی لێکردن؟
مستەفا هیجری: بەڵێ.
رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ پژاک چۆنە؟
مستەفا هیجری: پەیوەندییەکی ئەوتۆمان نییە، چەند جارێک لەگەڵیان دانیشتووین، بەڵام بڵێی پەیوەندییەکی گەرم و گوڕ و زۆرمان نییە.
رووداو: لە ئۆپۆزسیۆنی ئێراندا دوو هێز هەن بە دیاریکراوی یان دوو بەرە هەن، موجاهیدینی خەلق هەم لەگەڵ پاشماوەکانی سەردەمی شا. هیچ پەیوەندییەکتان لەگەڵ ئەواندا هەیە، هەست دەکەن لایەنێک نزیکترن لە لایەکی دیکە لە ئێوەوە؟
مستەفا هیجری: ئێمە لەگەڵ هەردوو لایەن تا ئێستا پەیوەندیمان هەبووە، پێمان باشە ئەو پەیوەندییە هەر درێژەی پێبدرێت. یەکێکیش لەو بڕیارانەی کە داومانە، لە ناوەندی هاوکاریش ئەو بڕیارە دراوە ئەوەیە کە ئێمە وتوێژ بکەین لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لەگەڵ ئەوانەی کە بەخۆیان دەڵێن، مەشروتخواز و موجاهیدین.