ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم: گشتپرسی دواناخرێت

رووداو - هەولێر

ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم راگەیێندراوێک ئاراستەی گەلی کوردستان دەکات و رایدەگەیێنێ،  دەنگۆی ئەوە بڵاوكراوەتەوە كە گوایە پارتی و یەكێتی پاكێجی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمەریكا و فەرەنسا و بەریتانیایان پەسەندكردووە و گشتپرسی ئەنجامنادرێت، بە گشت لایەكی رادەگەیێنین كە ئەم هەواڵە هیچ ئەساسێكی نییە و دوورە لە راستی و گشتپرسی لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجامدەدرێت".

رۆژی شەممە 23-9-2017، باڤڵ تاڵەبانی، کوڕی مام جەلال، لە پەیجی تایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پەیامێکی لەبارەی گشتپرسی بڵاوکردەوە و رایگەیاند لەسەر قبوڵکردنی بەدیلی گشتپرسی رێککەوتوون، بەڵام دوای چەند خولەکێک پۆستەکەی سڕییەوە.

باڤڵ تاڵەبانی رایگەیاندبوو: "بڕیارماندا لەسەر قبوڵكردنی بەدیلی پێشنیازكراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەمریكا، فەرەنسا و بەریتانیا، بۆیە پێمانباشترە ئەم بەدیلە تاقیبكرێتەوە و كورد بە یەك دەست ‌و یەك ئەجێندا لە بەغدا، گفتوگۆیەكی مێژوویی خۆی لەسەر هەموو پرسەكان بكات، تا ئەنجامدانی گشتپرسی لەئێستادا".

هەروەها گوتبووی: "ئەنجامدانی گفتوگۆیەكی كراوە و هەمەلایەنە لەگەڵ بەغدا ‌و بە چاودێری ‌و پشتگیری هەموو جیهان لە ئێستادا، هەڵبژاردەیەكی زۆر دروستترە لامان. بۆیە ئێمە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لامان پەسەندترە".

دەقی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم

لە ژمارەیەك میدیا و دەزگەی ڕاگەیاندن، لەسەر بنەمای نووسینێكی بەڕێز پاڤێڵ تاڵەبانی دەنگۆی ئەوە بڵاو كراوەتەوە كە گوایە پارتی و یەكێتی پاكێجی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمەریكا و فەڕەنسا و بەریتانیایان پەسەند كردووە و ڕیفراندۆم ئەنجام نادرێت.

بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە ئەم هەواڵە هیچ ئەساسێكی نییە و دوورە لە ڕاستی و ڕیفراندۆم لە كاتی دیاریكراوی خۆی ئەنجام دەدرێت.

ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم.