سەرکەوت ئەحمەد: ئاراس شێخە پەیوەندی بە هیچ کەس و لایەنێکەوە نییە
رووداو-سلێمانی
بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک کە تێیدا کەسێک لە سلێمانی بە دەمانچە لە کرێکارێک دەدات و بێڕێزی پێدەکات هاونیشتمانیانی لە زۆربوونی تاوان نیگەران کردووە، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانی سلێمانی و لەسەر رووداوەکەش دەڵێ، ئەو کەسەی ئەو کارەی کردووە پەیوەندی بە هیچ کەس و لایەنێکەوە نییە.
سامان بەشارەتی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند: "دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە کە تێیدا کەسێک لە سلێمانی بە دەمانچە لە کرێکارێک دەدات و بێڕێزی پێدەکات، هەرچەند لایەنی پەیوەندار رایانگەیاندووە کەسەکە دەستگیرکراوە و رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە، بەڵام هاونیشتمانییان نیگەرانن لە زۆربوونی تاوان".
پەیامنێری رووداو دەڵێ: رەنگە پۆلیس لەسەر تاوانی هەمانشێوە تۆمەتبارانی دەستگیرکردبێت و رووبەڕووی یاسای کردبنەوە، بەڵام ئەو رووداوە لەبەر ئەوەی لەکاتێکی هەستیاردایە و هەرێمی کوردستان بانگەشەی هەڵبژاردنی تێدابەڕێوەدەچێت، هەندێک لایەن رووداوەکەیان کردووەتە بە بەشێک لە بانگەشەی خۆیان، لایەنی دەسەڵات لە دەڤەرەکە و بە تایبەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی پێ تۆمەتبار دەکەن، کە یەکێک لە درووشمەکانی ئارامییە.
لەبارەی ئارامی شاری سلێمانی و رێکارەکانی پۆلیس لە بەرامبەر ئەو رووداوانە، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە لێدوانێکدا بە رووداوی رایگەیاند: "ئێمە رووداوی لەوە قورستر و ناخۆشترمان هەبووە، ئەو ڤیدیۆیەش لە مانگی 8وە لەبەردەستماندایە، حەزیشمان نەکردووە هاونیشتمانیانی لێ ئاگادار بکەینەوە، بەڵام ئێستا هەندێک کەس وەکو رێکلام بۆخۆی بەکاری دەهێنێت و دەیەوێت لایەنێکی پێ ناشرین بکات".
سەرکەوت ئەحمەد، دەڵێ: "ئێمە پێشتریش رامانگەیاندووە، کە ئەو کوڕە (ئاراس شێخە) هیچ پەیوەندییەکی بە هیچ حیزبێکەوە نییە و هیچ بەرپرسێکیش ئەو کوڕەی نەگرتووەتەخۆ، خۆشی دەڵێ من پێشمەرگە نەماوم".
بەگوتەی گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی : "ئەمشارە بەدەر نییە لە شارەکانی دیکەی کوردستان و دونیا، تاوان دەکرێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە تۆمەتبارەکان دەستگیر بکرێن و بۆ کۆمەڵ ئاشکرا بکرێن، هەر ئەمشەو چەند کەسێکمان بە چەکەوە دەستگیر کردووە، کە لەبەردەم مەکۆی گۆڕان مۆتۆرسکیلیان پێبووە و تەقەیان کردووە".
سەرکەوت ئەحمەد، دڵنیایی ئەوە دەداتە هاونیشتمانی شاری سلێمانی، کە هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارە لە خزمەت ئاسایش و ئارامی ئەو شارەدا دەبن و دەشڵێ: "تاوەکو ئێستاش سلێمانی شارێکی ئارامە و هیچ کێشەیەکی تێدانییە".
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان